وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ڕایدەگەیەنێت، لە ناوچەی پیشەسازیی قەزای کەلار، تەرمی دوو کەس دۆزرانەوە کە شوێنەواری گوللەی دەمانچە بە جەستەیانەوە بووە.
عەقید سۆران محەمەد، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، ئاگادارکراینەوە لە بوونی دوو تەرم لە ناوچەی پیشەسازیی قەزای کەلار؛ دەستبەجێ پۆلیس چوونە شوێنی ڕووداوەکە و دەرکەوت تەرمی دوو کەس بە ناوەکانی (سامان سەردار محەمەد) لەدایکبووی 1991 دانیشتووی گەڕەکی سیروان و (محەمەد عەلی ڕەشید) لەدایکبووی 1997 پیشە فیتەر، کە ئاسەواری فیشەکیان پێوەبوو لەنێو خانوویەک لە سەربانی دوکانێکدا بوون.
ڕاشیگەیاند، دەستبەجێ پۆلیس دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد و بەڵگەکان لە شوێنی تاوانەکە کۆکرانەوە و دەست بە لێکۆڵینەوە کرا لەسەر هۆکار و چۆنیەتیی ڕووداوەکە؛ لەئێستاشدا بەمەبەستی توێکاری، تەرمەکان ڕەوانەی پزیشکی دادی قەزای کەلار کراون.