لیۆ مێسی، ئەفسانەی زیندووی یانەی بەرشلۆنە چاوپێکەوتنێکی نوێ ئەنجامدەدات و داهاتووی لە یانەی بەرشلۆنە یەکلاییدەکاتەوە.
هاوینی ڕابردوو و دوای بڵاوبوونی زانیارییەکان سەبارەت بە پەیوەندی نێوان ئەستێرەکەی ئەرجەنتین و یانەی مانچستەر سیتی، سەرۆکی پێشوو، جوسێپ ماریا بارتۆمیو فشارێکی توندی لەسەر یاریزانەکە دروستکرد تاوەکو بارسا بەجێبەهێڵێت و پەیوەندی بە یانەی دیکەوە نەکات، هەوڵەکانیشی سەرکەوتوو بوو.
لە 28ی کانونی دووەمی 2020 چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ماڵپەڕی گۆڵ و جۆردی ئیڤۆلی ڕۆژنامەنوس ئەنجامدا، گلەیی خۆیی گەیاندە ئیدارەی یانە کەتەلۆنیەکە و لەهەمان کاتدا بەردەوامبوونی ڕاگەیاند.
بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی، بەهۆی کۆتاییهاتنی بۆندەکەی لە 30 حوزەیرانی 2021، جارێکی دیکە گومانەکان لەبارەی مێسییەوە زیادیانکردووە.
زۆرینەی میدیا و میدیاکاران پێیان وایە، لەدوای پاڵەوانیەتی کۆپا ئەمریکا یاریزانی ناوبراو داهاتووی لە بارسا یەکلاییدەکاتەوە، بەڵام ڕۆژنامەی “ئۆلێ”ی ئەرجەنتینی پێشوەخت چەند زانیارییەکی نوێ ئاشکرادەکات و ماوەی چاوەڕوانیی هاندەران و یانەی بەرشلۆنە کورتدەکاتەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی “ئۆلێ” ئاشکرایکردووە، لیۆ چاوپێکەوتنێکی گرنگ و یەکلاکەرەوەی هاوشێوەی چاوپێکەوتنەکەی ساڵی ڕابردوو ئەنجامداوە، بڕیارە شەممەی داهاتوو لەلایەن ڕۆژنامە و ماڵپەڕە ئەرجەنتینیەکەوە بڵاوبکرێتەوە، تیایدا داهاتووی یەکلاییدەکاتەوە و دوای پێنج مانگ بێدەنگبوون بۆچوونی خۆی دەربارەی بەرشلۆنەی سەردەمی خوان لاپۆرتا ئاشکرادەکات.