دوای مەریوان سەلەفییەکان لە شاری سەقزیش خەڵکیان بریندارکرد

دوای هێرشی سەلەفییەکانی شاری مەریوان بۆسەر گەڕەکێک، ئەمجارەیان لە شاری سەقز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەلەفییەکان بە بیانوی خواردنی مەی پەلاماری چەند کەسێکیانداوە و بە سەختی برینداریان کردوون.

شەوی ڕابردوو لەسەر ڕێگەی مەل قەڕنی شاری سەقز، گروپێکی سەلەفی بە پاساوی خواردنی مەی، بە چەقۆ هێرشیانکردووەتەسەر چەند کەسێک و بە سەختی برینداریان کردوون.

لەو هێرشەدا چەند کەسێک برینداربوون و برینی یەکێک لەوانە بەناوی “هاوڕێ مەلەکی” زۆر قورسە و کەسێکی دیکە بەناوی شەهروز لە پەلامارەکەدا بریندار بووە، ئەمە لەلایەن ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ پشتڕاستکراوەتەوە.

چەند شایەتحاڵێک لە ڕوداوەکە ئاماژە بەوە دەکەن، کە سەلەفییەکان هەڕەشەی ئەوەیان کردووە، کە سەری ئەو کەسانە دەبڕن و پیشتریش هەمان هەڕەشەیان لە چەندین کەسی دیکە کردووە.

ڕۆژی دووی ئەممانگە، چوار کەس کە خۆیان وەک سەلەفی ناساندبوو، هێرشیان کردەسەر گەڕەکی دارسێران لە شاری مەریوان و بەبیانوی فرۆشتی مەی لەو کۆڵانە هەوڵی سەربڕینی چەند کەسێکیاندا.

بەشێک لە چاودێران پێیان وایە ئەو سەلەفییانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێران خۆیانەوە پشتگیری دەکرێن و لەکاتی هێرشیش بۆسەر هاوڵاتییان توشی هیچ لێپرسینەوەیەک نابن و ئەگەریش بریندار بکرێن لە نەخۆشخانە چارەسەریان بۆ دەکرێت.

بابەتی پێشتر

هێرشەکانی ئەمدواییەی داعش پێشمەرگە و سوپای عێراقی لەیەک نزیک کردەوە

بابەتی دواتر

لایەنگرانی سەدر و عامری بۆ پشتگیری لە فەڵەستین چوونە سەر شەقامەکان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share