وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم لەسەر هێرشەكەی شەوی ڕابردووی كفری، كە پێشمەرگەیەك شەهیدبوو، ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە، دووبارە باس لە هۆشدارییەكانی پێشووی دەكاتەوە لەبارەی بۆشایی ئەمنیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق، بۆیە دوپاتیدەكاتەوە، “بۆ ڕێگریکردن لەم ڕووداوانە پێویستیمان بە ڕێککەوتنێکی گشتگیر و هەمەلایەن هەیە لەگەڵ سوپای عێراقدا”.
وەزارەتی پێشمەرگە بڵاویكردووەتەوە، کاتژمێر 10:30 خولەکی شەوی ڕابردوو، تیرۆریستان پەلاماری سەنگەرێکی لیوای 116ی هێزی پێشمەرگەی کوردستانیان دا لە سنوری قەزای کفری، لە ئەنجامی ئەو پەلامارە، پێشمەرگەیەک بەناوی (محسن حسێن گەرەوەیی) شەهیدبوو، “پەلامارەکە لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە، بەرپەرچدراوەتەوە و تیرۆریستان ڕاونران”.
دەشڵێت، “چەندین جار هۆشداریمان دابوو، لە ئەنجامی بوونی بۆشایی ئەمنی لەنێوان سەنگەرەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، داعش توانیویانە خۆیان ڕێکبخەنەوە و كردەوەی تیرۆرستی ئەنجام بدەن، داعش لە ئێستادا لە شێوەی گروپ و مەفرەزەی جۆراوجۆر دەرکەوتونەتەوە، بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییەش، ماوە ماوە کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن”.
وەزارەتی پێشمەرگە جەختلەوەشدەكاتەوە، “داعش جوڵەكانیان زیادبووە و لەئێستادا شێوازی شەڕ و پەلاماردانیان گۆڕیوە، بەردەوام مەترسی دروستدەکەن”.
دەشڵێن، “جەختدەکەینەوە، بۆ ڕێگریکردن لەم ڕووداوانە و تێکشکاندنی تەواوەتیی تیرۆریستان، پێویستیمان بە ڕێککەوتنێکی گشتگیر و هەمەلایەن هەیە لەگەڵ سوپای عێراقدا.
وەزارەتی پێشمەرگە ڕاشیگەیاندووە، هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەئاست ئەو کردەوانە بێدەنگ نابێت و لەکاتی خۆیدا وەڵامی توندی دەبێت.
دڵنیاییش دەدات، ئاسایشی هەرێمی کوردستان پارێزراوە و پێشمەرگەش جێگای باوەڕ و متمانەی هەموولایەکە.