چیرۆکی ڕەمەزان.. گواردیۆلا و مۆرینیۆ بەهۆی ڕۆژووگرتنەوە لە ئەبیدال و مۆنتاری توڕەبوون

مانگی ڕەمەزان و ئەرکی ڕۆژووگرتن بۆ یاریزانانی بواری تۆپی پێ هەرگیز ئاسان نییە، هەندێک لە یاریزانە موسڵمانەکان بەهۆی ڕۆژووگرتنەوە ڕووبەڕوی کێشەی هونەری و تەنانەت کێشەی کارگێڕیش بوونەتەوە.

تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە وڵاتانی کیشوەری ئەوروپا و ڕاگرتنی چالاکییە وەرزشییەکان بەنسبەت یاریزانە موسڵمانەکانەوە باشترین دەرفەت بووە، زۆرینەیان لە وادەی کەرەنتین مانگی ڕەمەزان بەڕێدەکەن و بەبێ هیچ فشارێک لەلایەن ئیدارەی یانەکانیان، یاخود ڕاهێنەرانەوە ئەرکی ئاینیی ڕۆژووگرتن جێبەجێدەکەن.

لەڕابردوودا یاریزانانی وەک مەسعود ئوزێل و پۆل پۆگبا و کەریم بنزیما و محەمەد سەڵاح و سادیۆ مانێ و چەندینێکی دیکە، ناچاربوون بەهۆی ئامادەکاریی و یاریی یانەکانیان لە خولی ناوخۆ و خولی یانە پاڵەوانەکان بەربانگ بکەن و ئەرکی ڕۆژووگرتن جێبەجێ نەکەن.

لەنێوان پێداگری یاریزانان و ڕاهێنەران لەسەر مەسەلەی ڕۆژووگرتن و نەگرتن، چەندین چیرۆکی سەیروسەمەرە ڕوویانداوە، ئەمانە نمونەیەکن:

گواردیۆلا و سزادانی ئەبیدال

ئیریک ئەبیدالی یاریزانی فەرەنسی کە لەئێستادا بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی بەرشلۆنەیە، لەسەردەمی پیپ گواردیۆلا یەکێکبوو لە باشترین یاریزانانی بارسا و لەسەرکەوتنەکاندا ڕۆڵی کاریگەری دەگێڕا.

لەساڵی ٢٠١١ و بەتایبەت لەمانگی ڕەمەزاندا ناوبراو بە سکی برسییەوە (بەڕۆژووبووە) سوربوونی خۆی لەسەر یاریکردن دەربڕی، ئەوەش گواردیۆلای توڕەکرد و بێنەوبەردەی نێوان دوو کەسایەتییەکە لەلایەن میدیاکانەوە بلاوکرایەوە.

بەپێی زانیارییەکان، گواردیۆلا داوای لێکردووە بەربانگ بکات و ڕۆژووەکەی بشکێنێت بۆ ئەوەی بەشداری پێبکات، بەڵام یاریزانە فەرەنسییەکە قایل نەبووە و دواتریش لەژێر فشاری قورسدا گواردیۆلای ناچارکردووە بەهەر شێوەیەک بێت لە پێکهاتەکانیدا جێگەی بکاتەوە.

لەم بارەیەوە ئەبیدال ڕایگەیاندووە، ” من نوێژ و ڕۆژوو لەترسی نەخۆشی و مردن ئەنجام نادەم، بەڵکو نوێژکردن و ڕۆژووگرتن لەم ژیانەدا بەختەوەرم دەکەن”.

بێگومان ئەبیدال مەبەستی لەوەبووە، نە نەخۆشی شێرپەنجەی جگەر و مەترسییەکانی ڕێگرییان لێنەکردووە لە ڕۆژووگرتن و جێبەجێکردنی ئەرکە ئاینییەکان.

مۆرینیۆ و سولی مۆنتاری

سولی مۆنتاری ئەستێرەی هەڵبژاردەی غانا لەڕووی جەستەییەوە یەکێکبوو لەهەرە بەتواناترین یاریزانەکانی بواری تۆپی پێ، لەدەرەوەی یاریگاش کەسێکی پابەندبوو بە ئەرکە ئاینییەکانەوە.

لەساڵی ٢٠٠٩ ڕەش ئەسمەرە بەهێزەکە بەهۆی ڕۆژووگرتن و مانگی ڕەمەزانەوە لەگەڵ جوزێ مۆرینیۆی ڕاهێنەر توشی کێشە بوو.

یاریزانەکە سوربوو لەسەر جێبەجێکردنی ئەرکی ڕۆژووگرتن و ئەم بڕیارەش هەرگیز بەدڵی مۆرینیۆ نەبوو، بۆیە لەبەردەم میدیاکاندا ڕەخنەی توندی لە یاریزانەکەی گرت و ڕایگەیاند، “ئاستی جەستەیی سولی لاوازبووە و بەشداری ڕووبەروبونەوەکانی پێناکەین”.

لەوەڵامدا مونتاری ڕایگەیاند، “ڕەمەزان لە ساڵێکدا جارێکە و ئەرکێکی سەرەکی ئاینەکەمە، هەرگیز لەدەستی نادەم، هەرگیز هەوڵەکانم بۆ نزیکبوونەوە لە خودا ڕاناگرم”.

بابەتی پێشتر

ڕۆژوو گرتن و پەیوەندی بە وەرزشەوە ( تەندرووستی مرۆڤ ) چییە؟

بابەتی دواتر

درجال کێیە؟ وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق بە بەربەستەکەی دوکان ناسراوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share