مێسی 13 ڕۆژی ماوە و لەگەڵ کەسدا قسەی نەکردووە

لیۆ مێسی ئەفسانەی زیندووی یانەی بەرشلۆنە، بەم نزیکانە دەبێتە یاریزانێکی سەربەست و تاوەکو ئەم ساتە هیچ کەسێک دانوستاندنی لەگەڵدا نەکردووە.

هاوینی ڕابردوو ئەفسانەکەی ڕۆزاریۆ، بیورۆ فاکسێکی فەرمی ئاڕاستەی ئیدارەی یانەی بەرشلۆنە کرد و تیایدا داوایکرد دەستبەرداریبن پەیوەندی بە یانەیەکی دیکەوە بکات، بەڵام بارتۆمیو و هاوەڵانی ڕێگرییان لێکرد و ڕایانگەیاند، ئەو مەرجەی بۆندەکەی کە ڕێگەی پێدەدات بێبەرانبەر پەیوەندی بە یانەیەکی دیکەوە بکات کاتەکەی بەسەرچووە، دووپاتیشیانکردەوە، لە ڕووی یاساییەوە هەر یانەیەکی خوازیار هەوڵی بۆ بدات ناچارە نرخی شکاندنی بۆندەکەی پێشکەشبکات کە 700 ملیۆن یورۆیە.

ڕۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی لە ژمارەی ئەمڕۆیدا، شەممە (19/12) ئاشکرایکردووە، دوای ئەوەی مێسی دانیپێدانا کە وەرزێکی دیکەش لە بەرشلۆنە بەردەوامدەبێت، بەڵام هێشتا ئەگەرەکانی ماڵئاواییکردنی بەهێزن، بەوپێیەی دوای (13) ڕۆژی دیکە بە فەرمی و بەپێی ئەو بۆندەی لە ساڵی 2017 واژوویکردووە دەتوانێت لە گواستنەوەکانی زستانی 2021 لەگەڵ هەر یانەیەکی دیکە ڕێککەوتن بکات و لە هاوینی 2021 پەیوەندییان پێوەبکات.

لیۆ مێسی لە روبەڕوبوونەوەی یانەی ڕیاڵ سۆسیداد

کاندیدەکانی بەرشلۆنە دواکەوتوون

سەرجەم کاندیدەکان بۆ سەرۆکایەتی بارسا دڵنیاییدەدەن لە بەردەوامبوونی مێسی و گرنگ نییە بەلایانەوە یاریزانەکە تەمەنی 33 ساڵە، بەڵکو گرنگ ئەو ئاستەیە کە پێشکەشی دەکات.

لاپۆرتا و ڕۆوساود ڕایانگەیاندووە، ئەگەر بێتو موچەی مێسی دەستکاری نەکرێت لە سەردەمی قەیرانی کۆرۆنا گەورەترین کێشە دەبێت بۆ ئیدارەکانیان، بۆیە ئاماژەیان بە پێشنیازی دیکە بۆ یاریزانەکە کردووە، بەڵام کێشەکە لەوەدایە کات تێپەڕدەبێت و هیچ یەکێک لەو کەسایەتییانە پەیوەندیان بە یاریزانەکەوە نەکردووە.

خوان لاپۆرتا، کاندیدی سەرۆکایەتی یانەی بەرشلۆنە و ستافەکەی

ڕۆژنامەنوسی ناوداری کەتەلۆنیا، میگێل ڕیکۆ زانیاری نەبیستراوی ئاشکراکردووە و لە هەمان ڕاپۆرتدا نوسیویەتی، ” کاندیدەکان بۆ پۆستی سەرۆکی بەرشلۆنە دواکەوتوون، ماوەی 24 ڕۆژ بۆ وادەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی یانە کەتەلۆنییەکە ماوە، بەڵام مێسی 13 ڕۆژی دیکە بۆندەکەی کۆتاییدێت و دەتوانێت بێبەرانبەر بڕوات، یاخود بەلایەنی کەمەوە ڕێککەوتن لەگەڵ یانەیەکی دیکە بکات”.

بەپێی سەرچاوەکە، هیچ یەکێک لە کاندیدەکانی سەرۆکایەتی بارسا پەیوەندیان بە خۆرخی مێسی باوک و لێپرسراوی کاروبارەکانی پوڵگاوە نەکردووە، تەنانەت یانە داواکارەکانیش پەیوەندییان لەگەڵدا نەبەستووە.

بەشێوەیەکی گشتی وا دەردەکەوێت لیۆ چانسێکی دیکە بە بارسا بدات، بەڵام لە ماوەی ئەم 13 ڕۆژەدا ئەگەر هەنگاوی گەورە بۆ قەناعەتپێکردنی نەنرێت، بە ئەگەرێکی بەهێزەوە هاوینی 2021 پەیوەندی بە یەکێک لە یانەکانی پاریس یاخود سیتیەوە دەکات کە ئامادەن هەموو مەرج و خواستەکانی جێبەجێبکەن.

بابەتی پێشتر

فێراری ساڵی 2021 چی پێدەکرێت؟ بەرانبەر مێرسیدس کۆڵیانداوە ..

بابەتی دواتر

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەسەر بودجەی 2021 كۆبووەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
14
Share