سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان ڕایگەیاند، ناوچەکەیان زیاتر لە شوێنەکانی دیکە وشکەساڵی کاریگەری لەسەر داناوە و پڕۆژەش هەیە بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی ئەو حاڵەتە.
جەلال نوری، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لە کۆبوونەوەیەکدا سەبارەت بە وشکەساڵی ئەنجامدرا ڕایگەیاندووە، ” هەنگاوەكانی بەرەنگاربونەوە خۆی دەبینێتەوە لە دابینكردنی ئاوی خواردنەوە و ئاوی مەڕوماڵات و باخ و ئاژەڵی كێوی، بۆ ئەو مەبەستەش بەپێی یاسا و رێنماییەكان رێكارەكان دەگرینەبەر”.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان ئاماژەی بەوەشکردووە، ” بڕیاردراوە كاربكرێت بۆ دابینكردنی ئاوی ئاژەڵە كێوییەكان و پاككردنەوەی جۆگە و سەرچاوە ئاوییەكان و قەدەغەكردنی چاندنی ئەو بەرهەمە كشتوكاڵیانەی ئاوی زۆری پێویستە وەك برنج، هەروەها سنورداركردنی بەخێوكردنی ماسی و دابینكردنی ئاو بۆ دارستانە دەستكردەكان لە گەرمیان”.
بەهۆی دروستبوونی دیاردەی وشکەساڵی لە هەرێم و دەرکەوتنی زیاتری ئەو دیاردەیە لە ناوچەی گەرمیان، ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم بڕیاریداوە بە دابینکردنی بودجەیەک تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ئەو دیاردە سروشتییە.
دوێنێ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە وشکەساڵی كرد، ئاشیكرایكرد، بودجەیەك تایبەت بە وشكەساڵی تەرخاندەكرێت.