وەزیری دەرەوەی توركیا ڕایگەیاند، وڵاتاكەی بە تەواوی بڕیارەكەی ئەمریكا بۆ بە جینۆساید ناساندنی كۆمەڵكوژیی ئەرمەنییەكان ڕەت دەكاتەوە.
مەولود چاوش ئۆغلو، وەزیری دەرەوەی توركیا ڕایگەیاندووە، وڵاتەكەی بە هەموو جۆرێك بڕیاری ئەمریكا بۆ بە جینۆساید ناساندنی كۆمەڵكوژیی ئەرمەنییەكان ڕەتدەكاتەوە.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، ڕاگەیەندراوەكەی جۆ بایدن لەوبارەیەوە ڕەتدەكەنەوە، بڕیارەكەشی بە بڕیارێكی “پۆپۆلیستی” ناوبردووە.
وەزیرە توركییەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، “هیچ كەسێك ناتوانێت مێژوو فێری ئێمە بكات”.
ئەو وتانەی وەزیری دەرەوەی توركیا پاش ئەوە دێت، جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا ئەمڕۆ شەممە، لە ڕاگەیەندراوێكدا كۆمەڵكوژیی ئەرمەنییەكانی لەلایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە بە جینۆساید ناساند.
تورکیا بەردەوام بەتوندی دژی ناساندنی جینۆسایدی ئەرمەنییەکان بووە، ڕەتیشیکردووەتەوە دەوڵەتی عوسمانی کۆمەڵکوژیی دژی ئەو نەتەوەیە ئەنجامدابێت.
لای خۆشییەوە، نیكۆڵ باشینیان، سەرۆكوەزیرانی ئەرمینیا پێشوازی لە ڕاگەیەندراوەكەی جۆ بایدن كرد.