درێژترین ئۆتۆمبێلی جیهان 30 مەترە و مەلەوانگە و یاریگای گۆڵفی تیادایە

درێژترین ئۆتۆمبێلی جیهان

درێژترین ئۆتۆمبێلی جیهان خرایە پێگەی گینسەوە و درێژییەکەی 30 مەترە، مەلەوانگەیەکی بچووک و گۆڕەپانێکی گۆڵفی تیادایە و شوێنی تایبەت بە نیشتنەوەی کۆپتەریشی هەیە.

پێگەی گینس بۆ ڕیکۆردە جیهانییەکان ڕایگەیاند، درێژترین ئۆتۆمبێلی جیهانی بە ناوی “خەونی ئەمریکی”یەوە تۆمارکردووە، پاش ئەوەی نۆژەنکردنەوە و ئامادەکردنی دوای چەندین ساڵ تەواوبوون.

بەپێی ماڵپەڕی گینس، مێژووی دروستکردنی ئۆتۆمبێلەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1986 و “کاتێک ئۆتۆمبێلەکە بۆ یەکەمین جار لەلایەن دیزاینەری بەناوبانگ جەی ئۆربێرگەوە نەخشەسازی بۆکراوە، درێژییەکەی 18.28 مەتر بووە و 26 تایەی لەژێردا بووە، هەروەها دوو بزوێنەری V8ی لە دواوە و پێشەوە هەبووە، دواتر درێژیی ئۆتۆمبێلەکە کراوە بە 30.5 مەتر و وایلێکراوە لە هەردوولاوە لێبخوڕدرێت.

گینس دەڵێت، “ئۆتۆمبێلی خەونی ئەمریکی، شوێنی نووستنی ئاوی و مەلەوانگە و جاگوزییشی تیادایە، ئەمە لەپاڵ یاریگای گۆڵف و شوێنی نیشتنەوەی کۆپتەردا. هەروەها چەندین تەلەڤیزیۆن و بەفرگر و تەلەفۆنی تیادایە و دەتوانێت 75 نەفەر لەخۆبگرێت”.

گینس لە کەناڵی یوتیوبی فەرمیی خۆی، ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە کە تایبەتمەندییەکانی درێژترین ئۆتۆمبێلی جیهان دەردەخات، لەگەڵ ڕێزلێنانی خاوەنەکەیدا، پاش ئەوەی ڕیکۆردی نوێی  گینسی شکاندووە.

بابەتی پێشتر

لێكۆڵینەوەیەك: بەكتریای ڕیخۆڵە كاریگەری لەسەر كەسایەتیی مرۆڤ دەبێت

بابەتی دواتر

ئەمریكا هۆشداری دەدات لەوەی ڕوسیا چەكی كیمیایی لە ئۆكرانیا بەكاربهێنێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share