هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی داعش ڕایگەیاند، لە ئێستادا پلانیان نییە ڤاكسینی دژە كۆرۆنا بۆ پێشمەرگە دابینبكەن.
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی داعش تایبەت بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “لەئێستادا هاوپەیمانێتییەكە ڤاكسینی دژە كۆرۆنا بۆ پێشمەرگە دابین ناكات، بەڵكو لە پێشدا هەڵدەستێت بە كوتانی ئەندامانی هاوپەیمانان”.
ئاماژەیان بەوەشكرد، “پزیشكی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا سەر بە وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا، لەگەڵ تیمە تەندروستییەكانی سەر بە هەمان فەرمانگە، كار دەكات كوتان بە ڤاكسینی دژە كۆرۆنا بكاتە كاری لە پێشینەیان”.
ئەوەشی خستەڕوو، “هەندێك پاڵنەری جۆراوجۆر هەن، بەگوێرەی ئەو بڕەی لە بەردەستە ئەو كەسانە دیاری دەكرێن كە دەكوترێن، هەلومەرج ڕێگای دا، چاوەڕێ دەكەین كوتان بەشێك لەو كەسانە بگرێتەوە، كە ئارەزوو دەكەن خۆیان بكوتن، لەنێویاندا ئەوانەشی كار لەگەڵ هاوپەیماناندا دەكەن لە بنكەكانی سەر بە وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا”.
لەلایەكی دیكەوە، لیوا قارەمان كەمال، جێگری سەرۆک ئەرکانی ھێزەکانی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “لەڕێگای حكومەتەوە فۆڕمێكمان بۆ نێردراوە، بۆ ئەوەی هەر پێشمەرگەیەك و فەرمانبەرێكی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە بە نیاز بوو خۆی بكوتێت، پڕی بكاتەوە”.
لیوا قارەمان كەمال ئەوەشی خستەڕوو، “ئەو فۆڕمەمان بەسەر هەموو پێشمەرگەكانماندا دابەشكردووە، ئەوەی ویستی خۆی بكوتێت، پڕی دەكاتەوە و دەخرێتە نۆرەوە”.