وەزارەتی تەندروستی هەرێم هەواڵی دزەكردنی سندوقێكی ڤاكسینی جۆری فایزەر بۆ یەكێك لە وڵاتانی دراوسێ ڕەتدەكاتەوە.
وەزارەتەكە ئەمڕۆ چوارشەممە ڕونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە، لە دوێنێ شەوەوە ڤیدیۆیەك بڵاوبووەتەوە گوایە سندوقێکی ڤاکسین جۆری فایزەر دزەی کردووە بۆ یەکێک لە وڵاتان، بەپێویستی دەزانین بۆ ڕای گشتی و هاوڵاتیان و دامودەزگاکانی ڕاگەیاندن ڕوونبکەینەوە کەوا ئەم ڤیدیۆیە دروستکراوە و هیچ پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە نیە”.
دەشڵێت، بەناوی کەناڵی BBC بە مۆرێکی ساختەی بەناو وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان پێشان دەدرێت.
لە ڤیدیۆیەكدا كە بی بی سی-ی فارسی بڵاویكردووەتەوە و لەچەند پەیجێكی فەیسبووك دانراوە، باس لەوە دەكرێت، ڤاكسینی كۆمپانیای فایزەری ئەمریكی لە هەرێمەوە بە قاچاخ براوە بۆ ئێران.
وەزارەتی تەندروستی ڕونیشیدەكاتەوە، دەستبەجێ لەلایەن تیمی سەرپەرشتیاران لە وەزارەتمان دەستیان بە لێکۆڵینەوەی سەرەتایی کرد بەهەماهەنگی و پەیوەندی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی عێراقی فیدڕاڵ و چاودێریکردنی هەردوو بەڕێزان وەزیری تەندروستی عێراق و هەرێمی کوردستان و نوێنەری کۆمپانیای بەرهەمهێنەری ڤاکسینی (ڤایزەر) کە دەرەنجامی سەرەتایی دەرچوو هیچ ئەسڵ و ئەساسی نیە.
دوپاتیشیدەكاتەوە، هیچ فۆڕم و مۆرێکی تەندروستیی هەرێم لەسەر ڤاکسینەکانی ڤایزەر بەکارنایەت، چونکە ڕاستەوخۆ ڤاکسینەکە بۆ هەرێمی کوردستان دابیننەکراوە، بەڵکو تەنها لەڕێگەی وەزارەتی تەندروستیی عێراقی فیدڕاڵە.
دەشڵێت، جۆرەکانی ئامێری چاودێریکردن و پارامیتەری سەر سندوقەکە و زانیارییەکان تەواو جیاوازە و هاوشێوەی ئەو جۆرە نیە کە لە هەرێمی کوردستان وەرگیراوە. ئەوەش دەڵێت، نوێنەری کۆمپانیای ناوبراو لەگەڵ هەموو سندوقێك لەکاتی گواستنەوە ئامادەدەبن تا دەگاتە سەنتەری بەکارهێنان و بۆ هەر گواستنەوەیەک بە سیستەمی چاودێریکردنی کۆمپانیا لە سەنتەری سەرەکیەوە ئاگاداردەبێت.
وەزارەتی تەندروستی دوپاتیشیدەكاتەوە، تائێستا 9 سندوق لە هەشت سەنتەری ڤاکسین لە هەرێمی کوردستان وەرگیراوە، کە هەر هەموویان جێگا و ڕێگای دابەشکردنی ڕوونە بەتەواوی داتا و زانیاری و چۆنیەتی دابەشکردن تۆمارکراوە بەسیستەمی مەرکەزی لەگەڵ بەغداد بەستراوە.
لەكاتێكی پێشتری ئەمڕۆدا ڕەهێڵ فەرەیدون، بریكاری وەزارەتی تەندروستیی هەرێم بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “بەقاچاخبردنی ڤاكسین لە هەرێمەوە بۆ ئێران، دوورە لە ڕاستییەوە، ئەو ژمارە ڤاكسینەی بۆمان دێت، لە بەغدادەوە بە ژمارە دێت و بە ژمارە و ناوەوە دەڕواتەوە بۆ بەغداد”.
ئەوەشی خستەڕوو، “ڤاكسین ون نابێت، ئەگەر ونیشبێت، بەغداد لێمان قبوڵناكات”. ئاشكراشیكرد، “ڕێژەی لەناوبردن (تەلەفكردن)ی ڤاكسین دیاریكراوە، بابەتێكی زانستییە و هی ئەوە نییە چاوپۆشی لێبكرێت”.