پەرلەمانتارێكی پێشووی پارتی ڕایدەگەیەنێت، نارجۆكێك بۆ ماڵەكەی لە هەڵەبجە هەڵدراوە و دەشڵێت، كەوتووە ماڵێكی دیكەوە، بەڵام زیانی گیانی نەبووە.
فازڵ بەشارەتی، پەرلەمانتاری پێشووی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ی نیسان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، كاتژمێر 12:30ی درەنگانی شەوی ڕابردوو دوو كەسی ماتۆڕسوار لە كۆڵانەكەمان تێپەڕیوون و نارجۆكێكیان هەڵداوە و كەوتووەتە ماڵ دراوسێیەكمانەوە.
وتیشی، “ڕوداوەكە زیانی گیانی نەبووە، بەڵام هەندێك زیانی مادی داوە لەو ماڵە”.
فازڵ بەشارەتی ئەوەشی خستەڕوو، كارەكە “زۆر ترسنۆكانە ئەنجامدراوە”، لەكاتێكدا خۆی لەو ماڵە نەبووە.
ئاشكراشیكرد، دوای ڕوداوەكە دەزگا ئەمنییەكان گەیشتوونەتە شوێنی ڕوداوەكە و لێكۆڵینەوەیان ئەنجامداوە و خەریكی بەدواداچوونن.
پەرلەمانتارەی پارتی ئاماژەی بەوەشدا، “لە ڕابردوودا سێ جاری دیكە تەقە لە ماڵمان كراوە، جگە لەو هێرشانەی ناوبەناو دەكرێتە سەر لقی پارتی لە هەڵەبجە”.