قائیمقامیەتی سلێمانی: هاوردەکردنی پیاز و شوتی قەدەغەدەکرێت

قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، “هاوردەکردنی پیاز و شوتی قەدەغەدەکرێت”.

قائیمقامیەتی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، “لەپێناو گرنگیدان بە بەرهەمی ناوخۆ بڕیاردراوە لە 1ی ئایار هاوردەکردنی پیاز و لە 15ی ئایار هاوردەکردنی شوتی قەدەغە بکرێت”.

دەشڵێت، “تایبەت بە پرۆژە کشتوکاڵی و پەلەوەرییەکان بڕیاردرا لیژنە هاوبەشەکان رێکاری پێویست بگرنەبەر بۆئەوەی ئەندازیاری کشتوکاڵی راستەوخۆ لەسەر پرۆژە بێت و سەرپەرشتیی پرۆژە کشتوکاڵی و پەلەوەرییەکان بکات”.

باس لەوەشدەکات، بڕیاردرا هاوردەکردنی ئاژەڵی زیندوو کراوەبێت و رێگە نادرێت ببرێتە دەرەوەی هەرێم، تاوەکو ناوەڕاستی مانگی شەش قەدەغەی راوەماسی بەردەوامبێت.

قائیمقامیەتی سلێمانی دەڵێت، “لەبارەی هێلکەی خواردنەوە قائیمقامی سلێمانی بڕیاریدا بەهۆی زۆریی بەرهەمی ناوخۆوە قەدەغەی هاوردەکردنی بەردەوامبێت، هەرکاتێک نرخی هێلکە لە بازاڕدا بەرزبێتەوە بەناچاری دەرگای هاوردەکردنی بکرێتەوە، هەروەها بڕیاردرا لە ماوەیەکی کەمدا زیادەڕەوییەکانی ناو عەلوەی سلێمانی بەتەواوی لاببرێن و رێگە نەدەن هیچ میوە یان سەوزەیەکی ناتەندروست ببرێتە بازاڕەوە”.

بەپێی راگەیاندراوەکە، “ئەو بڕیارانە لە میانەی دوو کۆبونەوەدا دەرکراون کەبە مەبەستی هاوسەنگیی بەروبوومی ئاژەڵی و پەلەوەری و سەوزە و میوە لە سنووری سلێمانی، ئاوات محەمەد- قائیمقامی سلێمانی بەجیا لەگەڵ لیژنەی دیاریکردنی بەروبوومی ئاژەڵی و پەلەوەری و لیژنەی هاوسەنگیی سەوزە و میوە ئەنجامیداون”.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، “کاری پێویست کراوە بۆ رێگری لە تای خوێنبەربوون بەتایبەت دەستخۆشی لە بەڕێوەبەرایەتیی ڤێتێرنەریی سلێمانی کرا کە 26 تیمی پێکهێناوە و سەردانی گوندەکان دەکات بۆ لەناوبردنی مشەخۆری دەرەکی و شتنەوەی ئاژەڵ، لیژنەکانی قائیمقامیەتیش راسپێردران چاودێریی زیاتری گۆشتفرۆشەکان بکەن”.

 

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share