هەردوو یاریزانی ناوازەی یانەی بەرشلۆنە، لیۆ مێسی و فرانکی دی یۆنگ بەهۆی کەڵەکەبوونی کارتە زەردەکانەوە مەترسی لەدەستدانی کلاسیکۆیان لەسەرە.
ئەمشەو، دووشەممە کاتژمێر (10:00) بەکاتی هەرێمی کوردستان، یانەی بەرشلۆنە لە کامپ نو ڕوبەڕوبوونەوەی هەفتەی 29ی خولی ئیسپانیا بەرانبەر یانەی بەلەد وەلید ئەنجامدەدات.
لەم یارییە گرنگەدا کەتەلۆنیەکان بەوپەڕی تواناوە هەوڵی بردنەوە دەدەن، چونکە بە سوودوەرگرتن لە شکستی ئەتلەتیکۆ مەدرید بەرانبەر ئیشبیلیە دەتوانن بە جیاوازی خاڵێک لە پلەی دووەمی ڕیزبەندی یانەکانی لالیگا جێگیربن (65 خاڵ بۆ بارسا بەرانبەر بە 66 بۆ ئەتلەتیکۆ).
ڕۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی ئاشکرایکردووە، کە هەوڵدانی بێوچانی یاریزانانی ئازولگرانا ئەمشەو بەرانبەر بەلەد وەلید گرنگترین ئەرکە، بەڵام دووان لە یاریزانان دەبێت بەوپەڕی وریاییەوە مامەڵە بکەن ئەوانیش لیۆ مێسی و فرینکی دی یۆنگن.
بەپێی سەرچاوەکە، دووانەی ناوبراوی بارسا تاوەکو ئێستا چوار کارتی زەرد بەڕوویاندا بەرزکراوەتەوە و لە ئەگەری وەرگرتنی هەر کارتێکی دیکەدا یاری کلاسیکۆی گەڕانەوە لەدەستدەدەن، کە بڕیارە شەممەی داهاتوو (10ی نیسان) لە یاریگای دی ستیفانۆ لە مەدرید ئەنجامبدرێت.