گەرمیان.. پێنج كەس لەسەر كوشتنی ژنێك دەستگیركران

وتەبێژی ئاسایشی گەرمیان ئاشكرایكرد، لەسەر كوشتنی ژنە 25 ساڵەكەی كفری كە لەلایەن براكەیەوە كوژرابوو، پێنج كەس دەستگیركراون.

عوسمان عەبدولكەریم، وتەبێژی ئاسایشی گەرمیان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی، “پاش ئەوەی ژنێكی 25 ساڵ لە گوندێكی سنووری ناحییەی نەوجول لە كفری كوچرا، دواتر تۆمەتباری سەرەكی ڕوداوەكە كە برای ژنەكەبوو هەڵهات، هێزەكانی ئاسایش لە نەوجول و گەرمیان، لەماوەی كەمتر لە 72 كاتژمێردا توانیان ئەو تۆمەتبارە سەرەكییەی ڕوداوەكە دەستگیر بكەن”.

سەبارەت بە وردەكاریی دەستیگركردنەكە، وتەبێژی ئاسایشی گەرمیان ئاشكرایكرد، “كەسی تۆمەتبار پاش هەڵهاتنی، لە گوندێكی گەرمیان خۆی شاردووەتەوە، بەڵام لە بازگەی نێوان گوندی شێخ لەنگەر-كەلار دەستگیر كرا”.

وتەبێژی ئاسایشی گەرمیان وتیشی، لە لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكاندا برای قوربانییەكە دانی بە تاوانەكەیدا ناوە، ئاماژەی بەوەشكرد، “كۆی گشتیی ئەو كەسانەی لەسەر كوشتنی ئەو ژنە دەستیگركراون، پێنج كەسن و چواریان بە مادەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیركراون و یەكێكی دیكەشیان بە مادەی 273 دەستگیركراوە چونكە هاوكاری تۆمەتبارەكەی كردووە لە خۆشاردنەوەدا”.

“هاوسەری قوربانییەكەش بە تۆمەتی هاوكاریكردن لە تاوانەكدا دەستگیركراوە، بەپێی تایبەتمەندیی كەیسەكە ڕەوانەی پۆلیسی گەرمیان بكرێت”، وەك وتەبێژی ئاسایشی گەرمیان ئاشكرایكردووە.

ئەوەش لەكاتێكدایە، لە ڕاگەیەندراوێكدا لە 27ی ئازار، پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند، “لە گوندی چەوری سەربە ناحییەی نەوجول/ قەزای کفری لە گەرمیان، گەنجێک خوشکێکی خۆی بە فیشەك كوشتووە و هەڵهاتووە”.

پۆلیسی گەرمیان ئەوەشی ئاشكرایكردووە، “خوشكەكەی ئەو گەنجە لە دایکبووی 1996ە و دایکی دوو منداڵە”.

بابەتی پێشتر

ڕیاڵ مەدرید بۆ کڕینی مباپێ هەشت یاریزان دەفرۆشێت

بابەتی دواتر

نێچیرڤان بارزانی گەیشتە کۆشکی ئیلیزێ لە پاریس

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share