حکومەتی سویسرا بڕیاردەدات ڕۆجێ فێدرەری ئەفسانەی تێنسی سەرزەوی لە هاوینی 2021وە وەک باڵوێزی وڵاتەکە بەکاربخات.
بەهۆی ناو و ناوبانگ و ئەو ئاستە خەیاڵییەی چەندین وەرزە لە بواری وەرزش، هەروەها ڕەفتار جوانی و پێگە بەرزەکەی لەنێو هەوادارانی وەرزش نیشانیدەدات، ئەنجومەنی سەرپەرشتیاری بواری گەشتیاری لە وڵاتی سویسرا بە فەرمی بڕیاریدا، ڕۆجێ فێدرەری ئەفسانەی تێنسی سەرزەوی وەک باڵوێزی وڵاتەکە بەکاربخات.
لەم بارەیەوە ئەفسانە 39 ساڵەکە ڕایگەیاند، ” لەهەر جێگەیەک ناوی من بهێنرێت، ئاڵای سویسرا لە بەرانبەری هەڵدەکرێت، شانازی دەکەم 22 ساڵ بەوپەڕی متمانە و دەستکەوتەوە توانیم لە بواری تێنسی سەرزەوی کاربکەم، هەر بەو شێوەیەش دەمێنمەوە، خۆشحاڵیشم بە هەڵبژاردنم وەک باڵوێزی گەشتیاری وڵاتەکەم”.
بەپێی سەرچاوەکان، حکومەتی سویسرا بە سوودوەرگرتن لە کەسایەتی و پێگەی فێدرەر هەوڵدەدەن لە دوای کۆتایهاتنی وادەی کەرەنتینی وڵاتانی ئەوروپا دەست بە پڕۆسەیەکی بەهێز بکەن بۆ ڕاکێشانی گەشتیاران بۆ وڵاتەکە، ئەم هەنگاوەش لە پێناو قەرەبووکردنەوەی زیانە داراییەکانی سەردەمی کۆرۆنایە کە لە کەرتی گشتی و گەشتیاری سویسرا کەوتووە.