ڕێكخراوێك باس لەو بڕە پارەیە دەكات كە سعودیە بۆ “سپیكردنەوەی ئابڕوی” خۆی خەرجیكردووە

ڕێكخراوێكی بواری مافی مرۆڤ ئاشكرایكردووە، سعودیە ملیارێك و 500 ملیۆن دۆلاری خەرجكردووە بۆ ئەوەی “ئابڕوی خۆی سپی بكاتەوە”.

ڕێكخراوی گرانت لیبرتی، كە ڕێكخراوێكی بواری مافی مرۆڤە لە ڕاپۆرتێكیدا ئاشكرایكردووە، “سعودیە یەك ملیار و 500 ملیۆن دۆلاری خەرجكردووە بۆ ئەوەی ئابڕوی خۆی سپی بكاتەوە، لەو پێشێلكارییانەی بەرامبەر مافی مرۆڤ كردوویەتی”.

لە ڕاپۆرتەكەی ڕێكخراوەكەدا كە ڕۆژنامەی “گاردیان”ی بەڕیتانی بڵاویكردووەتەوە ئاماژە بەوەشكراوە، “بەشێكی ئەو پارانە لەلایەن سعودیەوە خەرجكراون بۆ پاڵپشتی لە چەندین وەرزشی جیهانی و بانگهێشتكردنی پاڵاوانییەتییەكان بۆ ئەوەی ڕوویەكی جوانی وڵاتەكەی پیشان بدات و سەرنجی گەشتیاران ڕابكێشێت”.

لە ڕاپۆرتەكەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، “سعودیە گرێبەستێكی لەگةڵ فۆرمۆلا وەن كردووە بە بەهای 650 ملیۆن دۆلار بۆ ماوەی 10 ساڵ، هەروەها لەگەڵ یەكێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا گرێبەستی كردووە بۆ ماوەی سێ ساڵ سۆپەری ئیسپانی لەو وڵاتە ئەنجامدرێت بەهای گرێبەستەكەشی 145 ملیۆن دۆلار بووە، كە ئەمانە سەرجەمیان چاككردنەوەی ئابڕوی سعودیەن لەبەرامبەر ئەو پێشێلكارییانەی بەرامبەر مافی مرۆڤ ئەنجامیداون”.

ئەو ڕێكخراوەی بواری مافی مرۆڤ بە وردەكارییەوە باسی لە چەند گرێبەستێكی دیكەی وڵاتە سعودییەكە كردووە كە پارەی خەیاڵی خەرجكردووە، لەوانە دابینكردنی 15 ملیۆن دۆلار بۆ پاڵەوانیەتی جیهانی گۆڵفی پیاوان بۆ یەكجار، هەروەها دابینكردنی 33 ملیۆن دۆلار لە پاڵەوانیەتی بلیارد و ئەنجامدانی گرێبەستێكی 100 ملیۆن دۆلاریش بۆ ئەنجامدانی ڕوبەڕوبوونەوەی بۆكسینگ لەنێوان دوو یاریزانی ناودار ئەوانیش ئاندی ڕۆیز جۆنیۆر و ئانتۆنی جۆشوا لە ساڵی 2019دا”.

ئاشكراشكراوە، “سعودیە لە ساڵی 2014دا گرێبەستێكی 10 ساڵی لەگەڵ كۆمپانیای WWE بۆ زۆرانبازی سەربەستی ئەمریكا ئەنجامداوە بە بەهای 500 ملیۆن دۆلار”.

ڕێكخراوی گرانت لیبرتی ئاماژەی بەوەكردووە، ئەو ژمارانەی لە ڕێكخراو و دامەزراوە حكومییەكانەوە وەرگرتووە، تەنانەت ئەو گرێبەستانەش ناگرێتەوە كە ڕاستەوخۆ لەلایەن ئەندامانی خانەوادەی شاهانەوە ئەنجامدراون.

بابەتی پێشتر

تەقینەوەیەك لە سەرێكانی ڕویدا

بابەتی دواتر

بەریتانیا.. منداڵێكی شەش ساڵ بەڕێكەوت بەبەردبوویەكی 488 ملیۆن ساڵە ئاشكرادەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share