حکومەت و پەرلەمان بەڵێنی پڕۆژە دەدەن و هەڵەبجەییەکانیش گلەی دەکەن

لە 33 هەمین ساڵیادی کیمیایی بارانی هەڵەبجەدا حکومەت و پەرلەمانی هەرێم بەڵێنی جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەک دەدەن و هاوڵاتییانیش گلەی دەکەن لە ئاست خزمەتی شاری هەڵەبجە.

هاوڵاتییانی شاری هەڵەبجە گلەی دەکەن لەوەی سەرەڕای بەڵێنەکانی ساڵانی ڕابردوو هێشتا وەک پێویست خزمەتی شارەکەیان نەکراوە و بەرکەوتوانی چەکی کیمیاییش گلەی دەکەن لە ئاست پێدانی موچەکانیان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە.

یەکێک لەو کەسانەی کە 9 منداڵی لە کیمیایی بارانی شاری هەڵەبجەدا لە دەستداوە بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “حکومەت چەند مانگێک جارێک موچەکانمان پێدەدات، ئەوەش هەندێکجار بەشی دەرمانی خۆمان ناکات”.

لە ساڵیادی کیمیایی بارانکردنی شارەکەدا مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، “لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی پەرەپێدانی پارێزگاکان و پڕۆژەی وەزارەتەکان، ڕەزامەندیمان لە سەر ئەنجامدانی چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە بوارەکانی پرد و ڕێگاوبان و ئاو و کارەبا و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانە و نەخۆشخانەکان لە پارێزگای هەڵەبجە دا”.

سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئەوەشی خستوەتەڕوو، “حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە بەرهەمی خوێنی شەهیدانە، هەمیشە خزمەتکردنی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، بە ئەرکێکی لە پێشینەی خۆی دەزانێت”.

هاوکات دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێم ڕایگەیاند، ” ھەمو ھەوڵێک دەدەین ئەمساڵیش ژمارەیەک پڕۆژەی ستراتیژی و گرنگ لە ھەڵەبجە جێبەجێ بکەین”.

سەرۆکی نوسیگەی هەڵەبجەی پەرلەمانی کودستانیش ، پڕۆژەیەک بۆ خزمەتکردنی پارێزگاکە دەخاتەڕوو و دەڵێت، “لە ماوەیەکی نزیکدا چەند پڕۆژەیەک بۆ خزمەتکردنی شارەکە جێبەجێ دەکرێت”.

بابەتی پێشتر

بە پێنج خاڵی گرنگ ڕیاڵ مەدرید ڕیمۆنتادای ئاتالانتا پوچەڵ دەکاتەوە

بابەتی دواتر

ئێران ئەوروپا تۆمەتبار دەکات لە بەشدارییکردن لە کیمیایی بارانی هەڵەبجەدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share