هاوسەرۆكانی یەكێتی: لە ئەمڕۆدا چارەسەرکردنی کێشەکان لە بەغدادە

ئەمڕۆ هەردوو هاوسەرۆكی یەكێتی لەگەڵ باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق و كونسوڵی گشتیی ئەو وڵاتە لە هەرێم كۆبوونەوە.

لە ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكدا هاتووە، “ئەمڕۆ دووشەممە 15ی ئازار، لە دەباشان هاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێشوازییان کرد لە برۆنۆ ئوبێر، باڵێۆزی فەرەنسا لە عێراق و ئۆلیڤیێ دیکوتینێ، کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە ھەرێمی کوردستان”.

ئەوەش خراوەتەڕوو، لەدیدارێکدا گفتوگۆ کرا دەربارەی دوایین پێشھات و گۆڕانکارییە سیاسی و ئابوری و ئەمنییەکان و پرسی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو و ڕێوشوێنەکانی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا.

هەروەها لەو دیدارەدا، جەختکرایەوە لەسەر چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ لابردنی بەربەستەکان و دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گونجاو بۆ تێپەراندنی دۆخەکە.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، “ھاوسەرۆکانی یەكێتی خواستی یەکێتییان دووپاتکردەوە بۆ چارەسەرکردنی دەستوورییانەی کێشە دارییەکان و پرسە نیشتمانییەکان و ڕاشیانگەیاندووە، لە ئەمڕۆدا چارەسەرکردنی کێشەکان لە بەغدادە بۆیە پێویستە پەنا بۆ زمانێکی ھاوبەشی نیشتمانی ببرێت”.

لەبارەی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق، هاوسەرۆکان جەختیان لەسەر ڕەخساندنی زەمینەیەکی گونجاوکردەوە، بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لەکات و ساتی خۆیدا دوور لە دەستتێوەردان.

هەر لە دیدارەکەدا گفتوگۆکرا دەربارەی پرسی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان و “پەرۆشی و بڕیاری یەکێتیی دووپاتکرایەوە بۆ چەسپاندنی سیستمی لامەرکەزیی لە پێناو بەهێزکردنی پێگەی هەرێم و باشکردنی خزمەتگوزارییەکان و دابینکردنی ژیانێکی شایستە تر بۆ هاوڵاتییان”، وەك لە ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكەدا هاتووە.

لەکۆتایشدا ھەردوولا ھاوڕابوون لەسەر کۆی ئەو پرسانەی خرانەڕوو، هاوکات جەختكرایەوە لە ئەنجامدانی کاری هاوبەش و پێکەوەیی، کە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی هەردوولا بکات.

بابەتی پێشتر

ئێران.. پاشای دەستڕۆیشتوو لە ناوچەكەدا

بابەتی دواتر

ژمارەیەك موشەك ئاڕاستەی بنكەیەكی سەربازی لە پارێزگای سەڵاحەدین كران

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share