یانەی یوڤانتۆس بەرانبەر پۆرتۆ لە قۆناغی 16ی خولی یانە پاڵەوانەکان شکستیهێنا، سەرچاوەکان بەشێکی شکستەکە دەخەنە ئەستۆی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ.
بەپێی خوێندنەوەی زۆرینەی میدیاکانی ئیتاڵیا، تۆمارکردنی گۆڵی دووەمی پۆرتۆ لە خولەکی 115ی کاتی زیادکراو لە ئەستۆی کریستیانۆ بووە، کە لە ڕیزبەندی دیواری بەرگری لە کاتی لێدانە ڕاستەوخۆکەی سێرجیۆ ئۆلیڤێرا هەڵەی کردووە و پێگەکەی گۆڕیوە.
وەک دەردەکەوێت کریستیانۆ لە بەهێزی لێدانە ڕاستەوخۆکە دەترسێت و پشت دەکاتە ئۆلیڤێرا و تۆپەکە بەنێو پێیەکانیدا ئاڕاستەی گۆڵ وەردەگرێت، سەرەڕای ئەوەی بابەتەکە ئاساییە و چەندینجار ڕوویداوە، بەڵام بۆ پێگەی کریستیانۆ و کات و ساتی هەڵەکە کێشەیەکی گەورەیە و داهاتووی یانەی یوڤانتۆسی لە خولی یانە پاڵەوانەکان یەکلاییکردووەتەوە.
ڕۆژنامەی “زە سەن”ی بەریتانی نوسیویەتی، ئەوەی ڕوودەدات لێدانە لە مێژووی کریستیانۆ، لە کاتێکدا ئیدارەی بیانکۆنێری پێیان وابووە خەونی چەندین ساڵەیان لە چنینەوەی نازناوەکە بۆ دەهێنێتە دی، بەڵام پێچەوانەکەی ڕوویداوە.
دوو وەرزە بەهۆی ئامادەنەبوونی دەروونی و وەرزشی “دۆن”ەوە لە خولەکە دەکرێنە دەرەوە، لە کاتێکدا وەرزەکانی پێشووتر دووجار توانیویانە بە یاری کۆتایی بگەن.
زە سەن و چەندین سەرچاوەی دیکە دووپاتیانکردووەتەوە، ئەوەی ڕوودەدات کاریگەری لەسەر داهاتووی ئەستێرە پۆرتوگالیەکە دروستدەکات و لە کۆتا سێ وەرزدا تەنها 14 گۆڵی تۆمارکردووە (6-4-4)، ڕەنگە بەهۆیەوە لە کۆتایی ئەم وەرزدا ماڵئاوایی لە خولی ئیتاڵیا بکات.