پەرلەمانتارێك ڕونكردنەوە لەسەر دەقی پرۆژەیاسای دادگای فیدڕاڵی دەدات

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

ئەندامێكی لیژنەی یاسایی باس لە دەقی پرۆژەیاسای دادگای باڵای فیدڕاڵی دەكات و مەرجێكیش بۆ دەنگدان بە یاساكە ئاشكرادەكات.

حسێن عوقابی، ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ی ئازار وتی، پرۆژەیاسای دادگای فیدڕاڵی كە بڕیارە ئەمڕۆ لە دانیشتنی ئەنجومەندا بخرێتەڕوو، لەلایەن حكومەتەوە نێردراوە و هەمواركردنەوە نییە.

وتیشی، “دەنگدان لەسەر یاساكە پێویستی بە ئامادەبوونی سێ لەسەر چواری ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران هەیە”.

عوقابی ئەوەشی خستەڕوو، لەحاڵەتێكدا ئەگەر نیسابی یاسایی دانیشتنەكەی ئەمڕۆ تەواو بێت دەنگ لەسەر یاساكە دەدرێت.

دوێنێ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەرنامەی كاری دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجومەنەكەی دیاریكرد كە بەپێی ناوەرۆكەكەی بەپێی بەرنامەی كار لە دانیشتنەكەدا هەشت پرۆژەیاسا دەنگدانیان لەسەر دەكرێت، كە دیارترینیان دەنگدانە لەسەر پرۆژەیاسای دادگای باڵای فیدڕاڵی، هەروەها خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژەیاسایەكی دیكە ئەنجامدەدرێت.

دەربارەی پرۆژەیاساكە پێشتر ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، هەندێك لە فراكسیۆنەكان داوای داڕشتنی یاسایەكی نوێ بۆ دادگاكە دەكەن، “بەڵام داڕشتنی یاساكە دەبێت بەپێی ماددەی 92ی دەستور دەبێت كە جەخت لەوەدەكاتەوە پەسەندكردنی پێویستە بە دوو لەسەر سێی دەنگدەران بێت، ئەمەش لەم كاتەدا لە ئەنجومەنی نوینەران زەحمەتە، چونكە ئەگەری سازان ئەستەمە”.

وتیشی، هەندێك لە فراكسیۆنەكان باس لەوەدەكەن كە “هەمواركردنەكە بە دەنگی زۆرینە بێت، لەكاتێكدا هەمواریش پێویستە بەپێی ئەحكامی ماددەی 92ی دەستور بێت كە ئەویش دەنگی دوو لەسەر سێیە”. ڕونیشیكردەوە، “وەك فراكسیۆنە كوردییەكان سووربووین لەسەر ئەوەی هەمواربێت یان داڕشتنی یاسایەكی نوێ پێویستە بەدەنگی دوو لەسەر سێ بێت و بۆ ئەوەش ڕای ئەو لایەنانەمان ڕەتكردەوە كە باسیان لە دەنگی زۆرینە بۆ تێپەڕاندنی دەكردەوە بەبیانوی ئەوەی هەموارەكە بۆ پڕكردنەوەی نیسابی دادگاكەیە”.

بابەتی پێشتر

ڕۆژی جیهانیی ڕوبەڕوبوونەوەی قەڵەوی.. تەندروستیی جیهانی هۆشداری دەدات

بابەتی دواتر

وەزارەتی بازرگانیی هەرێم و عێراق: دەبێت بەرهەمی ناوخۆ کێبڕکێی بەرهەمە دەرەکییەکان بکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share