پەرلەمانی عێراق: ئەم میلیشیایانە ئەنجامدەری موشەكبارانەكانن

لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، “دەستپێكردنەوەی موشەكبارانكردنەكان، پەیامی هەندێك گرووپی چەكدارن.”

عەباس سڕوت، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، “دووبارە گەڕانەوەی موشەكبارانكردنەكان لە بەغداد و شارەكانی تری عێراق، نامە و پەیامن لە هەندێك گرووپی چەكدارەوە كە لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتن.”

وتیشی، “ئامانج لەو نامانە، ڕەتكردنەوە و دژژایەتیكردنی زیادكردنی هێزەكانی هاوپەیمانیی ناتۆیە لە عێراق.”

بە وتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، بڕیارەكەی پەرلەمان بۆ دەركردنی هێزە بیانییەكان لە عێراق، هێزەكانی ئەمریكا و ناتۆش دەگرێتەوە و دەبێت جێبەجێ بكرێت، بە پێچەوانەوە بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق تێكدەچێت.”

مانگانە چەندین جار هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان لە عێراق دەكرێنە ئامانج، دوایینیان هێرشەكەی دوێنێی بەغداد بوو، بەر لە هەفتەیەكیش، هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان لە هەولێر موشەكباران كران.

بابەتی پێشتر

حکومەتی هەرێم سەدان ملیار دیناری بۆ پەرەپێدانی پارێزگاکان تەرخانکرد

بابەتی دواتر

فازڵ میرانی: لە 26ی ئایار کۆنگرەی پارتی بەڕێوەدەچێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share