بافڵ تاڵەبانی: هەموو ئەو ئاستەنگانە لادەبەین دێنە بەردەممان لە ئاوەدانکردنەوەی هەرێمدا

بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە 16ی شوبات لەگەڵ ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی، ھەڵەبجە و ژمارەیەک لە بازرگانانی سلێمانی و یەکێتیی بەڵێندەران-لقی سلێمانی کۆبووە و جەختی لە بەگەڕخستنی سەرمایەی نوێ بۆ گەشەپێدانی ژێرخانی ئابووری کردەوە.

لە ڕاگەیەنراوێکدا نوسینگەی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، لە دیداریان لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی داوایان لە ھاوسەرۆک کرد ڕۆڵی هەبێت لە بەگەڕخستنەوەی شارە پیشەسازییەکان و جێبەجێکردنی یاساکانی ژمارە ١١ و ٢٠ی تایبەت بە پاراستنی بەرھەمە ناوخۆییەکان.

هەروەها داوایان لە بافڵ تاڵەبانی کرد ڕۆڵی هەبێت لە پێشخستنی کەرتی پیشەسازی و بازرگانی لە پەرلەمانی کوردستان و لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم پێشکەوتنی کەرتی کشتوکاڵ، پیشەسازی و کاری بەڵێندەرایەتی.

لەلایەکی دیکەوە بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، جەختی لە ڕەخساندنی زەمینەی لەبارتر بۆ بازرگانان و خاوەنکاران کردەوە و ھەموو پشتگیرییەکی یەکێتیشی دووپاتکردەوە بۆ بەگەڕخستنی سەرمایەی زیاتر لەپێناو ئاوەدانکردنەوە و  گەشەپێدانی زیاتری ژێرخانی ئابووریی ھەرێم بەتایبەت پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە.

ڕونیشیکردەوە ھەموو ھەوڵێكی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەپێناو ئاوەدانکردنەوەی زیاتری ھەرێمی کوردستانە بە تایبەت سلێمانی، ھەڵەبجە، ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان.

بافڵ تاڵەبانی ڕاشیگەیاند، بڕیارمانداوە ھەموو ئەو ئاستەنگ و گرفتانەی لەمپەرن لەبەردەم ئەم ڕەوتەدا لاببرێن و ھاوکار و پشتیوانبین بۆ ڕەخساندنی جموجوڵی زیاتری بازرگانی و کاری بەڵێندەرایەتی و دۆزینەوەی دەرفەتی زیاتری ھەلی کار بۆ گەنجان.

ئاشکرایکرد کە چەند ڕێوشوێنێکیان گرتووەتەبەر و لە داھاتوویەکی نزیکدا کاریگەری دەبێت لە پێشخستنی ئەم ناوچەیە لە ھەموو ڕووەکانەوە.

بابەتی پێشتر

کلۆپ: پڕم لە وزە و پێویستم بە حەوانەوە نییە

بابەتی دواتر

بەرپرسێکی سیاسی تورکیا داوای تەختکردنی شەنگال دەکات و سوپای عێراق دەڵێت ئارامە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share