سەركردایەتیی یەكێتی جەخت لە “لامەركەزیی كارگێڕی و دارایی” دەكاتەوە

لۆگۆی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان

ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتی لە كۆبوونەوەیەكدا جەخت لە “سیستمی لامەركەزی و چاككردنی دۆخی گوزەران و ژیانی خەڵكی كوردستان” دەكاتەوە.

ئەمڕۆ یەكشەممە 14ی شوبات، ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتی بە سەرۆكایەتیی هاوسەرۆكەكانی حزبەكە كۆبووەوە و لە ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكەدا هاتووە، “سەرەتا هاوسەرۆكان هەڵسەنگاندنێكی ورد و بابەتییانەیان لەبارەی دۆخی سیاسی و ئابوری و هەمەلایەنەی كوردستان و عێراق پێشكەشكردووە”.

لە ڕاگەیەندراوەكە ئاماژە بەوەشكراوە، ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتی جەختی لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕ و جێگیری یەكێتی كردەوە لەبارەی پرسەكانی، “سیستمی ناناوەندێتی كارگێڕی و دارایی (لامەركەزی) لە چوارچێوەی هەرێمی كوردستاندا، پشتیوانیكردنی تیمی دانوستاندنی حكومەتی هەرێم لەگەڵ حكومەتی ئیتیحادی، هاوكات فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق ڕاسپارد كە هاوكار و پشتیوانی تیمەكە بێت”.

ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتی جەختی لەوەشكردووەتەوە، “لەگەڵ چاككردنی دۆخی گوزەران و ژیانی خەڵكی كوردستانداین، لەم بارەیەوە ڕێككەوتن لە چوارچێوەی دەستووری عێراق بۆ بەدەستهێنانی ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لە بودجەی 2021دا، بەپێویست زانرا”.

ئاماژە بەوەشكراوە، “تەئكیدكردنەوە لەسەر پێویستیی جێبەجێكردنی ئەركە دەستووری و نیشتمانییەكانی حكومەتی ئیتیحادی و حكومەتی هەرێم لە پاراستنی سەروەری وڵات و ڕێگرتن لە پێشێلكارییەكانی سنوورەكان، كە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەكان و پرەنسیپی (دراوسێیەتیی باش)ن”.

“ئەنجومەنی سەركردایەتی، سەركۆنەی هەموو جۆرە گرتن و زیندانی كردنێكی لەسەر بیروڕای ئازاد و چالاكی سیاسی و مەدەنی كرد بەتایبەت لە دەڤەری بادینان، بۆیە داوای ئازادكردنی بەپەلەی سەرجەم گیراوان دەكات لە ڕۆژنامەنوسان، چالاكانی مەدەنی، كادیرانی یەكێتی و حزبەكانی تر”، وەك لە ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكەدا هاتووە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، “بەشێكی تری كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی سەركردایەتی تایبەت بوو بە كاروبارەكانی حزب و ڕاپۆرتی كۆمسیۆنەكان، لەم بارەیەشەوە ڕاسپاردەی پێویستیان لەبارەوە وەرگیرا”.

بابەتی پێشتر

داوا دەكرێت لەبری بەشە خۆراك پارە بە هاوڵاتییان بدرێت

بابەتی دواتر

وێست برۆمیچ 1-1 مانچستەر یونایتد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share