باندێکی دزینی ئۆتۆمبێل لە سلێمانی و بەغداد دەستگیرکرا.. چاودێریی کڕیاریان دەكرد

ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکردنی باندێکی دزینی ئۆتۆمبێلی ڕاگەیاند، كه‌ له‌ پێشانگاكانی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل له‌ به‌غداد و شاره‌كانی هه‌رێم كاریان كردووه‌.

لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاسایشی سلێمانی ئاماژەی بەوەكردووە، “باندەکە دوای فرۆشتنی ئۆتومبێله‌كان چاودێریی كڕیار ده‌كه‌ن و دوای چه‌ند ڕۆژێك له ‌فرۆشتنی، به‌ كۆپیی سویچی ئۆتۆمبێله‌كه‌ كه‌ لای تاوانباره‌كان خۆیان بووه‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ دەدزن و دەیبەنە هەرێم”.

باسی لەوەشكرد، “هێزەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی توانیویانە ئۆتۆمبێلی دزراوی هاوڵاتییەک بدۆزنەوە و تۆمەتبارێکیش دەستگیربکەن، ئۆتۆمبێلەکە لەجۆری کرایزلەره‌ و پێشتر لە شاری بەغداد دزراوە و تۆمەتبار بەمەبەستی ساغکردنەوەی هێناویەتی بۆ هەرێمی کوردستان”.

ڕوونیشیكردووەتەوە، “ئاسایشی سلێمانی، لە سەر ڕێنمایی و فەرمانی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هە رێم و بەفەرمانی دادوەر، توانییان لە ڕۆژی 30/6/2021 تۆمەتبارێکی باندەکە بەناوی ( هـ ، ق ، ڕ ) لەسەر ئەو تاوانە دەستگیربکەن و دوای لێکۆڵینەوە دانی بەتاوانەکەدا ناوە، تۆمەتبار بەفەرمانی دادوەر و بەپێی ماددەی ( 446 ) لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و دەستبەسەر ئۆتۆمبێلەکەدا گیراوە، ئۆتومبێلە دزراوەکەش ڕادەستی خاوەنەکەی کرایەوە، پاش پێدانی زانیارییەکە بە دەزگا ئەمنییەکانی بەغداد تەواوی باندەکەش دەستگیرکراون لە شاری بەغداد.”

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share