سکرتێری گشتی ڕێکخراوی گەشەپێدانی قوتابیانی کوردستان ڕایگەیاند، ئەو کچانەی لە فێستیڤاڵەکەدا لەچکیان کردووە بە خواستی خۆیان بووە و لەژێر هیچ فشار و داواکارییەکدا نەبووە.
هیوا ڕەفعەت، سکرتێری گشتی ڕێکخراوی گەشەپێدانی قوتابیانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “سەرەتا لە بارەگاکانی ڕێکخراوی گەشەپێدانی قوتابیانەوە ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت بەشداری لە فێستیڤاڵەکەدا بکەن ناوی خۆیان دەنوسن و ئەگەر مەرجەکانیان تێدابوو ئەوا بە خواستی خۆیان لە ڕۆژێکدا دەبرێنە فێستیڤاڵەکەوە و هەموو کچەکانیش خەڵکی دەوروبەری هەڵەبجەن”
سەبارەت بە مەرجەکان ئەو بەرپرسەی گەشەپێدانی قوتابیان ڕایگەیاند، “ئەو کچانەی ناوی خۆیان نوسیووە دەبێت تەمەنیان لە 13 – بۆ 20 ساڵ بن و ئامادەبن لەو فێستیڤاڵەدا بەشداربن، چونکە زۆر کەس هەیە باڵاپۆشە و نایەوێت لە فێستیڤاڵەکەدا بەشداری بکات، هەروەها ئەو کچانەی بەشداریان کردووە دەبێت لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا خۆیان باڵاپۆش بوبن”.
بە وتەی هیوا ڕەفعەت، “بەشداریکردنی ئەو کچانە بۆ هیچ مەبەستێکی حزبی نەبووە و هیچ فشارێکیش لە بەشداربوان نەکراوە و ناکرێت تا دواتر پەیوەندیان بە یەکگرتووی ئیسلامییەوە هەبێت، چونکە بەشێک لەو کەسانەی لە فێستیڤاڵەکەدا بوون کەسوکاریان ڕەنگە حزبێکی دیکە بن”.
سکرتێری گشتی ڕێکخراوی گەشەپێدانی قوتابیانی کوردستان ئاشکرای دەکات، “ئەو کچانەی لە فێستیڤاڵەکەدا بەشداریان کردووە تاجێک و لەچک و کتێبێکیان پێدراوە لەبارەی باڵاپۆشییەوە لە ئیسلامدا”.
لەبارەی هەڵبژاردنی ڕەنگی لەچکەکانەوە کە سەوز بوون، ئەو بەرپرسەی گەشەپێدانی قوتابیان ڕایگەیاند، “ڕەنگەکە ئاماژە نییە بۆ هیچ شتێک یان هیچ چالاکییەکی حزبی، بەڵکو ڕەنگەکان ڕەنگی سروشتن و هەموو ساڵێک ڕەنگێک هەڵدەبژێردرێت”.
دوێنێ لە فێستیڤاڵێکدا لە شاری هەڵەبجە 1357 کچ لەژێر ناوی “تاجی زێڕین”دا باڵاپۆشیان ڕاگەیاند کە ڕێکخراوی گەشەپێدانی قوتابیانی کوردستان وەک ئۆرگانێکی نزیک لە یەکگرتووی ئیسلامییەوە پێی هەڵسابوو.