پێشڕەو مەلاوەیسی، پارێزەر نووسینێکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، ئەگەر كاراكردنەوەی پەرلەمان یاساییە دوو هەرێمییش یاساییە و باشترین ڕێگەچارەیە.
دەقی نووسینەکەی:
ناكرێ و نەبووە ئەوەی بۆ خۆت بە ڕەوای دەبینی، بۆ خەڵكی تر حەرام و قەدەغەكراو، ئێوە ڕەوایەت دەدەن بە كارە دژ بە عورفەكان و پێچەوانەی سیاسەت لە گۆڕەپانی هەرێم حكوم دەركەن و بەرگی یاساییبوونی بە بەردابكەن، بۆ یەكێتی و سنووری جوگرافیا و دیمۆگرافیاكەی ئەمیش ڕاستە، تەواو بە بەرگێكی یاسایی و دەستووری لە چوارچێوەی دەستووریی هەمیشەیی عێراقدا.
لە دەستووری هەمیشەیی عێراق ساڵی 2005 لە ماددەی 119 بە ڕوونی دەقی داوە كە هەر پارێزگایەک یان چەند پارێزگایەک دەتوانن داوای هەرێمی سەربەخۆ بكەن، هەروەها ماددەی 120 دەڵێت، هەرێمەکە دەتوانێت دەستوورێک بۆ خۆی دابڕێژیتەوە، بەو مەرجەی ناكۆک نەبێت لەگەڵ دەستووری هەمیشەیی عێراق، بۆیە باشترین ڕێگەچارەیە دوو هەرێمی، مادام یاسا ئەو مافەی داوە بە پارێزگاكان.
دەقی یاساكە:
ماددەى (119)
پارێزگايەک يان زياتر، مافى پێكهێنانى هەرێمێكيان هەيە بە پشتبەستن بە داواكارییەک بۆ ئەنجامدانى ڕاپرسى لەسەرى؛ داواكاريیەكە بە يەكێک لەم دوو ڕێگەيەى خوارەوە پێشكەشدەكرێت:
– لەسەر داواكاریی سێيەكى (3/1) ئەندامانى ئەنجومەنى ئەو پارێزگايانەى كە داواى پێكهێنانى هەرێمەكە دەكەن.
– لەسەر داواكاریی دەيەكى (10/1) دەنگدەرانى ئەو پارێزگايانەى كە داواى پێكهێنانى هەرێمەكە دەكەن.
ماددەى (120)
هەرێم دەستوورێک بۆ خۆى دادەڕێژێت، هەڕەمى دەسەڵاتەكانى هەرێم و ميكانيزمى بەكارهێنانى ئەو دەسەڵاتانە دياريدەكات، بە مەرجێک ناكۆک نەبێت لەگەڵ ئەم دەستوورەدا.
دەی خۆ ئەمە ئەگەر یەكێتی دەستی بۆ بەرێت تەواو یاساییە و تێكدانی قەوارەی هەرێمی كوردستان نییە، ئەوە دەقە یاساییەكەیە، ئەی دەكرێت ئێوە دوای تێكدانی شیرازەی سیاسی و تەوافوقی نیشتمانی و پێشێلكردنی عورفەكانی پێكهێنانی هەموو كابینەكانی هەرێمی كوردستان بوو، دەتوانن دەقێكی یاساییمان نیشانبدەن؟ بێگومان نییە.
ئەی لەدوای ئەم كارەوە ئەگەر توانیتان دڵگرتەكەی خۆتان ڕاسپێرن بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت، بفەرموون، بەڵام دوای ئەوەش جارێكی دیکە ئێوە هۆكاری كەرتی ناو ماڵی كورد دەبن، چونكە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان لە ماددەی (64) لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان یاسای ژمارە (1)ـی ساڵی 1992ـی هەمواركراو، 30 ڕۆژی لە بەردەم دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان داناوە تا كەسی ڕاسپێردراو بە پێكهێنانی كابینەی حكومەت لە ماوەی 30 ڕۆژدا، پێكهاتەی كابینەكەی پێشكەشی پەرلەمان بكات، ئەی لێرەوە چی دەكەن؟ ئەی چی هەقێک دەدەن بە هەڵوێست و دەرگا كراوەكانی بەردەمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان؟
هەر بۆ بەرچاوڕوونیتان، فەرموون ئەمەش ماددە یاساییەكەی پەرلەمانە، ئەی چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم یاسایەی خۆتان دەكەن؟
بەپێی ماددەی (64) لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان (یاسای ژمارە 1ـی ساڵی 1992ـی هەموارکراو) دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان لە یەکەم کۆبوونەوەدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مێژووی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتییەکەوە بە فەرمانێک کاندیدی فراکسیۆنی زۆرینە دەسپێرێت بۆ پێكهێنانی کابینەی نوێی حکومەت لە ماوەی 30 ڕۆژدا.
ئەو کەسەی ڕادەسپێردرێت وەک (کاندیدی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران) لە بەرواری ڕاسپاردنیەوە 30 ڕۆژی لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی پێکهاتەی کابینەکەی و کارنامەکەی پێشکەشی پەرلەمان بکات بۆ بەدەستهێنانی متمانە.
لە كۆتاییدا، دەڵێم هەر بەجدی ئێوە چۆن بوونە زۆرینە و بە چی شێوازێک پەرلەمانتارتان پێش خۆتاندا؟ من وەڵامەكانی دەزانم، بەڵام بۆ ئێوەی خۆتان و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانی جێدەهێڵم و دڵنیاشم مێژوو تۆماریكردووە.