دەقی پەیامە ڤیدیۆییەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان
هەڤاڵانی ئازیز، شەوتان باش..
زۆر هەوڵماندا حکومەتێک دابمەزرێنین، حکومەتێکی جیاواز، حکومەتێک بۆ خزمەتکردنی هەموو کەسێکی کوردستان، بۆ ئاشتکردنەوەی وڵاتەکانی دەوروبەرمان، بۆ پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ بەغداد، تا بتوانین مافی هاووڵاتییانمان دابین بکەین، زیاد لە 15 جار من سەردانی هەولێرم کردووە، دانیشتنم کردووە لەگەڵ هەموو کاکەکان لە هەولێر، چەندین کەسیان ناردووە بۆلام، دانیشتنمان کردووە، بەداخەوە نەمانتوانیوە بگەینە ئەنجامێک، هەر قۆناغێک کە ئێمە پێشکەوتووین بە بیانوویەک پڕۆسەکەیان تێکداوە ئێمە دەمانتوانی بیکەین، بە من دەڵێن پەرلەمان کۆبووەتەوە، نەخێر، پەرلەمان کۆنەبووەتەوە، کەمینەیەک لەناو پارتی دیموکراتی کوردستان سەلماندیان کە نازانن دیموکراسی چییە، سەلماندیان کە هیچ ڕێزی دەنگدەران ناگرن، سەلماندیان کە نازانن حکومڕانی لەم وڵاتەدا دەبێت چۆن بێت.
شتێکی دیکەشیان سەلماند، سەلماندیان لە ئێمە باشتر دەتوانن پارەی ئێوە لە کڕینی پەرلەمانتار بەکاربهێنن، چەکی ئێوە بەکاربهێنن بۆ هەڕەشەکردن لە پەرلەمانتار، ئێمە دەمانتوانی وابکەین، بابەتەکە ترس بێت، ترس لە گیرفانی مندا دەژی، بەڵام ئێمە هەرگیز بێڕێزی وا بەرامبەر ئێوە ناکەین، من زۆر جار پێم وتوون با هەڵەی وا نەکەین، ئەگەر شتێکی وا ڕووبدات، دانی پێدا نانێین، مامەڵەی لەگەڵ ناکەین، بۆیە ئەمڕۆ دوای کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە دەسەڵاتی تەواوم پێدرا بەبێ گەڕانەوە بۆ سەرکردایەتی، لەگەڵ ئەم پرسە مامەڵە بکەم.
لێرەوە پێتان ڕادەگەیەنم، دان بە هیچ شتێکدا نانێین کە لەم شتە بێتە دەرەوە، دوو ساڵە ئەم حکومەتە کاربەڕێکەرە، نەیتوانیوە ئاسانترین شت دابین بکات، نە مووچە وەک خۆی دێت، تەماشای نرخی ئێمە و بەغداد بکەن، تەماشای بەهای بەنزین و بەنزین لە بەغداد بکەن، نموونەکان زۆرن، ئەم حکومەتەکە فەشەلی هێناوە، بۆیە یەکەم بڕیاری سەرکردایەتی ئەوەیە، ئێمە لەم خولەکەوە لە حکومەتە فاشیلە دەکشێینەوە، کە بە خۆی دەڵێت حکومەتی کوردستان، مانای ئەوەیە، هەموو هێزمان بەکاردەهێنین کە خەڵکەکانی خۆمان لە دەڤەرەکەی خۆمان چیان پێویستە بۆیان دابیندەکەین.
هەموو کەسێک دەزانێت کە ئەم شتە سەرناگرێت، ئەم بەرنامەیە سەرکەوتوو نابێت، بینیوتانە چەند وڵاتی نێودەوڵەتی پیرۆزبایی لێکردوون؟ ئێمە ئامادەین هەموو قوربانییەک بدەین بۆ گەلەکەمان، ئێوە خەریکی ئەم شتەن، ئێمە خەریکی چارەسەرکردنی کێشەکانی ڕۆژئاواین، ئێوە خەریکی ئەم شتەن، ئێمە خەریکی پڕۆسەی ئاشتین لە باکووری کوردستان، ئێوە خەریکی ئەم شتەن، ئێمە خەریکین کە براکانمان لە ڕۆژهەڵاتیش مافی خۆیان وەرگرن، ئێوە خەریکی ئەم شتەن، ئێمە لە بەغداد خەریکین کە دۆخەکە ئارام بکەینەوە، تا هاووڵاتییان باش بژین و مووچەیان بۆ دابین بکەین.
پەیامێکم بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان هەیە، بڕیارێکتان داوە خۆتان، دەزانن کە دروست نییە، بەڵام برایانە پێتان دەڵێم، خەڵکەکەمان مەترسێنن، هەموو کەسێک یەکێتی دەناسێت، ئێمە دەمێک ساڵە پەیمانمان بە خودا داوە کە دڵۆپێک خوێنی کەس نەڕژێت، بۆیە داواتان لێدەکەم کە ئەم هێزجوڵاندنە و ئەوەی دوێنێ دەستتان پێکردووە، وازی لێبێنن، کەس نایەتە سەرتان و کەس هیچتان بەرامبەر ناکات، بڕیارێکی وا دەدەن، نابێت لە هەمان کاتدا بتۆقن، بەڵام بە وازحی دەمەوێت ئەمە بزانن، دووبارەی دەکەمەوە، ئێمە دان بەم شتەدا نانێین، ئێمە دان بە هیچ حکومەتێک و پۆستێک، کە لەمە بێتەدەرەوە، ناکەین، ئێمە دان بە ئێوەدا نانێین، مەجبورمان دەکەن کاردانەوەمان هەبێت، چی بکەن لەوێ، ئێمە لێرە دەیکەین، سەرۆکی هەرێم دادەنێن، سەرۆکی هەرێم دادەنێین، وەزیر دادەنێن، وەزیر دادەنێین، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دادەنێن، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دادەنێین، ئەم هەرێمە هی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، بە خوێنی شەهیدەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دروستبوو، بەو خودایە، ئێوە دەستان پێکرد، من تەواوی دەکەم.