د. یوسف گۆران: دانیشتنێکی پەرلەمانیمان بردووەتەوە بەڵام گورزێکی گەورەمان بە یەکڕیزیی هەرێمی کوردستان گەیاندووە

د. یوسف گۆران، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان  نووسینێکی سەبارەت بە دۆخی سیاسیی ئێستای هەرێمی کوردستان بڵاوکردووەتەوە و تیایدا هاتووە:

فیلمێکی کۆمیدیی کۆنی هونەرمەند (فوئاد ئەلموهەندیس)م بیردەکەوێتەوە، کە دکتۆرێکی نەشتەرگەری بوو، لە ژووری نەشتەرگەری سەرقاڵی نەخۆشێک بوو، کاتێک پێیان وت ،کە نەخۆشەکە گـ.ـیانیلەدەستداوە، زۆر بە متمانەبەخۆبوونەوە وەڵامی دایەوە: “گرنگ نییە.. گرنگ ئەوەیە نەشتەرگەرییەکە سەرکەوتوو بوو”.

ئەم دیمەنەم بیر کەوتەوە کاتێک چاودێریی ئەو هەوڵانەم دەکرد بۆ کۆکردنەوەی ئەندامانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و سازدانی دانیشتنێک بەبێ بەشداریکردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، خاوەنی ئەم هەوڵە بە زۆر ڕێگەی نایاسایی و گوشار سەرکەوتووبوو لە کۆکردنەوەی ژمارەی پێویستی پەرلەمانتاران، دەستەی سەرۆکایەتیی و پەرلەمانیش هەڵبژێردرا، بەڵام ئەو پرسیارەی کە پێویستە بیری لێبکرێتەوە ئەوەیە: ئایا سەرکەوتنی ڕێکارە پەرلەمانییەکان بەسە ئەگەر باجەکەی دابەشبوونی سیاسی و خستنە مەترسیی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بێت؟

هەرێمی کوردستان تەنیا چەند کورسییەکی پەرلەمانی نییە کە بتوانرێت بە شێوازی بیرکاریانە کۆبکرێتەوە، بەڵکو ئەزموونێکی سیاسییە کە لەسەر بنەمای هاوسەنگی و شەراکەتی ئاڵۆز دامەزراوە، هەر هەوڵێکیش بۆ بەڕێوەبردنی دامەزراوەکانی بە دوور لە لێکتێگەیشتنی نێوان دوو هێزە سەرەکییەکە، دەرگا بە ڕووی قەیرانێکە کە زۆر قووڵتربێت لەوەی دارێژەرانی ئەم دانیشنە بیریان لێکردبێتەوە.

سەرئەنجام مەترسیەکە لەوەدایە کە لە کۆتاییدا بۆمان دەرکەوێت کە ئێمە دانیشتنێکی پەرلەمانیمان بردووەتەوە، بەڵام  گورزێکی گەورەمان بە یەکڕیزیی هەرێمی کوردستان و سەقامگیرییەکەی گەیاندووە، ئەو کاتەش لەوانەیە کەسێکمان لێپەیدا بێت و بڵێت، هەروەک چۆن فوئاد ئەلموهەندیس وتی: نەشتەرگەرییەکە سەرکەوتوو بوو.. بەڵام نەخۆشەکە مـ.ـرد! لێرەدا نەخۆشەکە پارتێکی سیاسی نییە، بەڵکو خوانەخوازە خودی ئەزموونی هەرێمی کوردستان دەبێت.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share