وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، تەمویلی مووچەی مانگی ئاب خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی.
وەزارەتی دارایی و ئابوریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کەمێک لەمەوبەر بڕی 831 ملیار و 666 ملیۆن دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
ڕاشیگەیاند، هاوشێوەی چەند مانگی ڕابردوو، وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی 120 ملیار دیناری وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێم بۆ مانگی ئاب لە کۆی تەمویلی مووچە بڕیوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوە سەرەڕای ئەوەی بڕی شەش ملیار و 30 ملیۆن و 166 هەزار و 545 دیناری لە تەمویلی مووچەی مانگی ئاب نەناردووە کە بریتییە لە شایستەی مووچەی مانگەکانی ڕابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی.
وەزارەتەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، دوای تەواوکردنی ڕێکارەکان و وەرگرتنی پارەکە بەشێوەی کاش لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق، ڕاستەوخۆ لیستی مووچە بڵاودەکرێتەوە و لە نزیکترین کاتدا دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب دەکرێت.