عەلی ڕەئوف، نوێنەری گشتیی مامۆستایانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان و ئەندامێکی ئەو وەفدەی سەردانی بەغدادی کرد لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا ڕایگەیاند، ڕۆژی سێشەممە، 21ـی تەمموز بە نوێنەرایەتیی 86 هەزار مامۆستا و فەرمانبەری گرێبەست سەردانی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقیان کرد و پرسی بەهەمیشەییکردنیان و جێگیرکردنی شایستە داراییەکانیان لە پڕۆژەیاسای بوودجەی ساڵی 2027 لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق تاوتوێکرد.
وتیشی، “سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لارییان نەبوو لە داواکارییەکانمان و پێیان وتین کە شەڕی بەهەمیشەییبوونتان بۆ دەکەین، سەردانی دیکەشمان دەبێت و لە ئایندەیەکی نزیکدا لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی وەک سەرۆککۆمار، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و وەزیری دارایی کۆدەبینەوە بۆ ئەو پرسە.”
لە عێراق نزیکەی 300 هەزار مامۆستا و فەرمانبەری گرێبەست هەن، کۆدەنگییەک هەیە لەناو ئەنجومەنی نوێنەران کە جێگەی ئەو فەرمانبەرانە بکرێتەوە لە بوودجەی ساڵی 2027، عەلی ڕەئوف لەو بارەیەوە وتی، فراکسیۆنە کوردستانییەکان بەڵێنیان پێداون کە لە ئەنجومەنی نوێنەران شەڕی ئەوان بکەن و هاوشێوەی پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، ئەو 86 هەزار مامۆستا و فەرمانبەرە گرێبەستەی لە هەرێمی کوردستان هەن، بکرێن بە هەمیشەیی.
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 86 هەزار مامۆستا و فەرمانبەری گرێبەست هەن کە تەمویلی مووچەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان خەرجدەکرێن. لە ئێستادا نوێنەرانیان سەردانی بەغدادیان کردووە بەمەبەستی بەهەمیشەییکردنیان و گواستنەوەی ڕاژەکانیان بۆسەر بەغداد.