بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی لە لێدوانێکدا ڕەخنە لە مامۆستایان دەگرێت بەوە کە نەیانتوانیوە ڕێگریی لەو کێشانە بکەن ڕووبەڕووی خوێندکاران دەبێتەوە.
بەناز ڕەمەزان، بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی لە لێدوانێکدا و لە میانی بەشداریکردنی لە دیداری (دیدی پەروەردەکاران لەنێوان پەروەردە و فێرکردندا)، ڕایگەیاند، ئێمە بەدەر لە کێشە زانستییەکان، کێشەی پەروەردەییمان هەیە، هەروەها هەستدەکەین کە خوێندکاران لە ڕێچکە و تەمەنی ڕاستەقینەی خۆیان لایانداوە، بەهۆی بێئاگایی ئێمەی مامۆستاوە و هەبوونی کاریگەریی خراپەوە، تووشی لادان دەبن، بۆیە ڕەخنە لە خۆمان دەگرم کە نەمانتوانیوە ڕێگریی لەوە بکەین.
وتیشی، باشترین نموونە بۆ ئەم دۆخە خراپەی کە خوێندکارانی تێکەوتووە، تاقیکردنەوەکانی ئەمساڵە، دەتوانین بڵێین %20ی ئەوەی کە ڕوویدا، خراپیی دۆخی پەروەردە بوو، کە نەمانتوانیوە فێریان بکەین چۆن خۆیان ئامادەبکەن، یان دەتوانین بڵێین، ئێمە نەمانتوانیوە خوێندکاران بۆ گۆڕانکاریی لەناکاو ئامادەبکەین، ئەمساڵ پرسیارەکان گۆڕان و خوێندکاران تووشی شۆک بوون، چونکە ئامادەی ئەو گۆڕانکارییە نەبوون.