وەزارەتی ڕۆشنبیریی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، وەک ئاشکرایە، هەرێمی کوردستان لەم دۆخە ئەمنییە هەستیارەدا پێویستی بە بەرپرسیارێتیی نیشتمانی هەیە و پێویستە میدیاکان لە ئاست ئەم بەرپرسیارێتییەدا بن.
وەزارەتی ڕۆشنبیریی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، وەک ئاشکرایە، هەرێمی کوردستان لەم دۆخە ئەمنییە هەستیارەدا پێویستی بە بەرپرسیارێتیی نیشتمانی هەیە، بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و ڕێگریکردن لە هەر جۆرە پشێوییەک، گشت کەناڵەکانی میدیای بینراو و بیستراو ئاگاداردەکەینەوە کە پێویستە لە کاتی ڕووماڵکردنی هێرشە درۆنییەکان و ڕووداوە ئەمنییەکاندا، بە تەواوی پابەندی یاسا و رێنماییە بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان بن.
بۆ ئەم مەبەستە، جەخت لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە دەکەینەوە:
– پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و کۆمەڵایەتی: پابەندبوون بە ڕێکارە پیشەییەکان بۆ ئەوەی ڕووماڵی ڕووداوەکان نەبێتە هۆی تێکدانی سەقامگیری، بە دووربوون لە بڵاوکردنەوەی هەر جۆرە زانیاری، وێنە، یان ڤیدیۆیەکی ناڕاست کە ببێتە هۆی دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ لای هاوڵاتییان.
– پابەندبوون بە وەرگرتنی زانیاری لە سەرچاوە ڕەسمییەکان.
– پاراستنی سەقامگیری بازاڕ و باری ئابوری: خۆبەدوورگرتن لەو جۆرە ڕووماڵانەی کە دەبنە هۆی تێکچوونی دۆخی ئابوری، دروستکردنی پشێوی لە بازاڕەکان، یان گرانبوونی نرخەکان؛ چونکە میدیا بەرپرسە لە نەبوونی ئەو کاریگەرییە نەرێنییانەی کە لەسەر ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییان دروست دەبێت.
– لێپرسینەوەی یاسایی: هەر سەرپێچییەک لەم خاڵانەی سەرەوە و لەو بنەما یاساییانەی لە “ڕێنمایی ژمارە (1)ی ساڵی 2014″دا هاتووە، کەناڵەکە ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەکاتەوە و ڕێکاری پێویستیان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.