جامی جیهانیی 2026 بەرەو کۆتایی دەچێت و لە کۆی 48 هەڵبژاردە، تەنیا 7 هەڵبژاردە ماونەتەوە. هەریەکە لە وڵاتانی ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک کە میواندار و ڕێکخەری پاڵەوانێتییەکە بوون، ماڵئاواییان کردووە. فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان خەڵاتی تایبەتی بۆ هەڵبژاردە بەشداربووەکان ئامادەکردووە کە بڕەکەی دەگاتە زیاتر لە 50 ملیۆن دۆلار.
هەڵبژاردەکانی ئەڵمانیا، پۆرتوگال، بەڕازیل و هۆڵەندا کە پاڵێوراوی بردنەوەی نازناوەکە بوون، ماڵئاواییان لە پاڵەوانێتییەکە کردووە. تاوەکو ئەم ساتەش هەڵبژاردەکانی فەڕەنسا، ئیسپانیا، بەلجیکا، ئینگلتەرا، نەرویج، ئەرجەنتین و سویسرا لە کێبڕکێکە ماونەتەوە.
هەڵبژاردەی فەڕەنسا وەک یەکەم هەڵبژاردە گەیشتنی بە قۆناغی پێش کۆتایی مۆندیال مسۆگەر کرد، ئەمەش پاش بردنەوەی لە هەڵبژاردەی مەغریب بە ئەنجامی 2-0.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان (فیفا) خەڵاتی دارایی تایبەت پێشکەش بە هەڵبژاردە بەشداربووەکانی جامی جیهانی دەکات بەپێی قۆناغە جیاوازەکان.
قۆناغی کۆمەڵەکان:
ئەو هەڵبژاردانەی لە قۆناغی کۆمەڵەکان زیاتر نەچوونەتە پێشەوە 9 ملیۆن دۆلاریان وەرگرتووە بۆ ئەو سێ یارییەی ئەنجامیان داوە.
لە کۆی 48 هەڵبژاردە، 16 هەڵبژاردە لە قۆناغی کۆمەڵەکان کرانەدەرەوە کە ئەوانیش بریتیبوون لە عێراق، تونس، ئۆزبەکستان، قەتەڕ، سعودیە، ئوردن، کۆریای باشوور، هایتی، پەنەما، ئۆرۆگوای، کۆماری چیک، تورکیا، ئێران، نیوزلەندا، کۆراساو و سکۆتلەندا.
قۆناغی 32:
ئەو هەڵبژاردانەی کە لە قۆناغی کۆمەڵەکان دەربازیان بوو و گەیشتنە قۆناغی 32، بڕی 11 ملیۆن دۆلاریان وەرگرت.
16 هەڵبژاردە لە قۆناغی 32ی مۆندیالدا دەرکران کە بریتیبوون لە: ئەڵمانیا، هۆڵەندا، سەنیگال، گانا، ئەفریقای باشوور، کۆنگۆی دیموکرات، کۆتدیڤوار، ژاپۆن، کەیپ ڤێردی، سوید، کرواتیا، ئیکوادۆر، ئوسترالیا، بۆسنە، جەزائیر و نەمسا.
قۆناغی 16:
ئەو هەڵبژاردانەی کە توانیان بگەنە قۆناغی 16 بڕی 11 ملیۆن دۆلاریان پێدرا.
هەشت هەڵبژاردە لە قۆناغی 16 ماڵئاواییان کرد کە بریتیبوون لە: مەکسیک، کەنەدا، ئەمریکا، میسر، پۆرتوگال، پاراگوای، کۆڵۆمبیا و بەرازیل.
قۆناغی 8:
ئەو 8 هەڵبژاردەیەی بلیتی یاریی چارەکی کۆتایی مۆندیالیان بڕی، بڕی 19 ملیۆن دۆلار پاداشتی داراییان لەلایەن فیفاوە وەرگرتووە، ئەم پارەیەش لە ئەگەری چوونە پێشەوەی زیاتر، بەرزتردەبێتەوە.
قۆناغی چوارگۆشەی زێڕین:
ئەو هەڵبژاردەیەی پلەی چوارەمی مۆندیال دەباتەوە، بڕی 27 ملیۆن دۆلار وەردەگرێت، هاوکات براوەی پلەی سێیەم بڕی 29 ملیۆن دۆلار خەڵات دەکرێت.
یاریی کۆتایی:
هەڵبژاردەی براوەی یاریی کۆتایی لەگەڵ بردنەوەی جامە زێڕینەکە، بڕی 50 ملیۆن دۆلار وەک خەڵات و پاداشتی دارایی دەباتەوە. لە بەرامبەردا تیپی دۆڕاو و پلەی دووەم بڕی 33 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی وەردەگرێت.