بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی پێشنیاردەکات، چیتر وشەی تەمبەڵ بەرامبەر خوێندکاران بەکارنەهێندرێت.
بەناز ڕەمەزان، بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی لە لێدوانێکدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، یەکێک لەو پرسانەی کە پێویستە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان زیاتر تیشکی بخاتەسەر زیرەکی و ئاستبەرزیی خوێندکارانە، هیچ کەسێک نابێت وشەی تەمبەڵ بەرامبەر خوێندکاران بەکاربهێنێت، چونکە خوێندکاران هێندە هۆشیارن، کە ڕەخنە لە وەزیری پەروەردە، بەڕێوەبەرەکانی پەروەردە و مامۆستایان دەگرن.
وتیشی، مادام خوێندکاران هێندە هۆشیارن، دەبێت بە چاوێکی دیکەوە تەماشابکرێن، بۆیە ئەگەر دەسەڵاتم لەناو وەزارەتی پەروەردە هەبێت، پێشنیاردەکەم چیتر وشەی تەمبەڵ بەرامبەر خوێندکاران بەکارنەهێندرێت.
باسی لەوەشکرد، من 17 ساڵە کارگێڕم، ڕێگەمداوە خوێندکار ڕەخنەم لێبگرێت و ڕەخنەشیان لێگرتووم، گوێم لێگرتوون و دڵم پێی خۆشبووە، چونکە هەستم کردووە ئەوە خاڵی لاوازی منە کە خۆم نایبینم و خوێندکارەکە دەیبینێت، بۆیە دەبێت ڕەخنەی خوێندکاران قبوڵ بکەین.