قائیمقامی کەرکوک ڕایدەگەیەنێت، سەرجەم ئەوانە دەدەینە دادگا کە ڕۆڵیان هەبووە لە نانەوەی پشێوی لە کەرکوک.
ئاڤێستا شێخ محەمەد، قائیمقامی کەرکوک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لێرە و لەوێ وا بڵاوکراوەتەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەو شوێنەی بۆ پڕۆژەیەک وەرگرتووە کە لیژنەکانی قائیمقامییەت، بە زیادەڕۆیان داناوە، سەرجەم ئەو بابەتانە دوورن لە ڕاستییەوە، یەکێتی لە کەرکوک تەنیا خزمەتی پێشکەشی هاوڵاتییان کردووە و بە خـ.ـوێن ئەو شارەی پاراستووە، هەروەها هەر لایەنێک لەو ڕووەوە تۆمەت بۆ یەکێتی دروستبکات، ڕووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە.
وتیشی، ئەو ڕێکارانەی بۆ نەهێشتی زیادەڕۆیی ئەنجاممانداون، سەرجەمیان یاسایین، ڕووبەڕووی ئەوانەش دەبینەوە کە زەوی داگیردەکەن و وەک مافیا خۆیان دەردەخەن، قـ.ـوربانیی ئەم بابەتەش خەڵکە هەژارەکەن، کە زەوی لەو کەسانە دەکڕن.
ئەوەشی خستەڕوو، باڵێکی خۆسەپێنی حزبێکی سیاسی هەستا بە دروستکردنی ئاژاوە لە شاری کەرکوک و ڕووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان بوونەوە، هەرکەسێک تۆمەتبار بێت بە دروستکردنی ئەو ئاژاوەیە، بە دڵنیاییەوە دەدرێتە دادگا.