بەڕێوەبەرایەتیی تۆمارکردنی خانووبەرەی دووەمی سلێمانی ڕایگەیاند، بەگوێرەی ماددەی 7ـی بڕگەی 2 لە یاسای ژمارە 90ـی ساڵی 1975ـی هەموارکراو، ئاوی سەرجەم کانییە سرووشتییەکانی پارێزگاکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک موڵکی دەوڵەتە و بۆ سوودی گشتیی بەکاردێت.
ڕاشیگەیاند، تەنانەت ئەگەر کانییەکە بەپێ وێنەتۆماری تاپۆ (سورەتقەید) موڵکی هاوڵاتییەکیش بێت، ئەوا بەپێی یاسا وێنەتۆمارەکە حوکمی نامێنێت و کانییەکە دەبێتە موڵکی وەزارەتی دارایی و هاوڵاتییەکە ناتوانێت لە فەرمانگەکانی حکومەت مامەڵە بەو کانییەوە بکات.
ڕوونیشیکردەوە، لەو حاڵەتەدا کانییەکە دەستیبەسەردا دەگیرێت و بەناوی وەزارەتی داراییەوە تۆماردەکرێت، بەهیچ جۆرێکیش ڕێگەچارەی یاسایی نییە بۆ دووبارە تۆمارکردنەوەی کانییە سروشتییەکان بەناوی هاوڵاتییەوە، تەنانەت ئەگەر هاوڵاتییەکە بیەوێت کانییەکی سروشتی لە حکومەت بکڕێت، ئەوا وەزارەتی دارایی ناتوانێت پێی بفرۆشێت.
بەڕێوەبەرایەتیی تۆمارکردنی خانووبەرەی دووەمی سلێمانی ئەوەشی ڕاگەیاند، حوکمی ئەم ماددە یاساییە ئەو سەرچاوە ئاوییانە ناگرێتەوە کە مرۆڤ خۆی دروستیان دەکات، هاوشێوەی بیری ئاسایی، بیری ئیرتیوازی و کارێزەکان.