وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، خەرجیی کرداریی حکومەتی هەرێم لە حەوت ساڵی ڕابردوودا، زیاتر لە 87 تریلیۆن دینار بووە و لەو ژمارەیەش، 65 تریلیۆنی خەرجیی مووچە بووە.
وەزارەتی دارایی و ئابوریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە ساڵی 2019ـوە تاوەکو 2025، تێکڕای خەرجییە کردارییەکان گەیشتووەتە زیاتر لە 87 تریلیۆن و 500 ملیار دینار؛ لەو ژمارەیەش، زیاتر لە 65 تریلیۆنی خەرجیی مووچە بووە و زیاتر لە 14 تریلیۆنیش خەرجیی بەکارخستن، کە بریتییە لە خزمەتگوزارییەکانی ڕۆژانەی فەرمانگە و وەزارەتەکان و ئەوانی تر.
ئاماژەی بەوەشدا، زیاتر لە چوار تریلیۆن خەرجیی بەرهەمهێنانی کارەبا بووە و نزیکەی چوار تریلیۆنی دیکەش، خەرجیی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان بووە.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەمە جگە لەو مووچانەی کە لەو ماوەیەدا خەرج نەکراون، لەگەڵ ڕێژەی لێبڕینەکانی خانەنشینی مووچە و پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و جیاوازییەکانی، هەروەها لەگەڵ شایستەی کۆمپانیاکان و بەڵێندەران کە خەرج نەکراون، لەگەڵ خەرجیی بەرهەمهێنانی کارەبا کە بەشێکیان بەشێوەی چەک و مەقاسە خەرجکراون بەهۆی کەمیی نەختینەی بەردەست لە بانکەکاندا.
وەزارەتی دارایی دەشڵێت، سەرجەم خەرجییەکانی بەکارخستن و وەبەرهێنان و بەرهەمهێنانی کارەبا، لە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خەرجدەکرێت و لە دوای ساڵی 2013ـەوە، وەزارەتی دارایی فیدراڵ تەنیا بەشێک لە تەمویلی بۆ وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان ناردووە کە بووەتە بەشێک لە تەواوکاریی خەرجیی مووچەی مانگانەی فەرمانبەران و مووچەخۆران.