ئەمڕۆ پێنجشەممە. 25ـی حوزەیرانی 2026، لە شاری سلێمانی شەشەمین كۆنگرەی كۆمەڵەی ئەكادیمیانی كوردستان بەڕێوەچوو.
کۆمەڵەکە لە تەمموزی 1995 لە شاری هەولێر لەلایەن ژمارەیەک ئەکادیمیست و بە سەرۆکایەتیی خوالێخۆشبوو پ.د. كەمال خۆشناو دامەزراوە، و ڕێكخراوێكی ئەكادیمی، زانستی، ڕۆشنبیری، پیشەییە، تایبەتە بە هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دكتۆرا لە زانكۆكان و دەرەوەی زانكۆكان.
کۆمەڵەکە مۆڵەتی ڕەسمیی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانی هەیە و لە نیسانی 2013 پێش 13 ساڵ كۆتا كۆنگرەی خۆی ئەنجامدابوو كە چەندین ساڵە شەرعییەتی هەلبژاردنی نەمابوو.
لە کۆنگرەی ئەمڕۆی کۆمەڵەکە کە لە کۆی 421 ئەندام 346 ئەندام ئامادەیبوو و نیسابی یاسایی کۆنگرەکە تەواوکرا، بە تێكڕای دەنگی ئەندامانی كۆنگرە پەیڕەوی نوێ پەسەندكرا.
لە کۆنگرەکەی ئەمڕۆی کۆمەڵەکەدا 15 ئەكادیمیست وەك ئەندامی نوێی دەستەی كارگێڕیی كۆمەڵەكە هەڵبژێردران كە سەرجەمیان لەسەر لیستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانن.
لەو 15 ئەندام دەستەی كارگێڕییە 4 ژنی تێدایە و جگە لە موسڵمان، نوێنەری پێكهاتەی ئایینی و مەزهەبیی جیاواز لەخۆدەگرێت كە گوزارشت لە فرە ڕەنگیی هەرێمی كوردستان دەكات.
نوێنەرە سەركەوتووەكان نوێنەرایەتیی شارەكانی سلێمانی، هەولێر، دهۆک، هەڵەبجە، كەركوک، چەمچەماڵ، دەڤەری ڕاپەڕین، كۆیە و بەغداد دەكەن.
جگە لە نەتەوەی كورد لە دەستەی كارگێڕیدا تورکمان وەك پێكهاتەی نەتەوەیی دیکە، فەیلی وەك پێكهاتەی مەزهەبیی دیکە و كاكەییش لەخۆدەگرێت.
هاوکات لە ماوەی 15 ڕۆژدا پێویستە ئەم دەستە نوێیە لەو 15 ئەكادیمیستە لەناو خۆیاندا هەلبژاردن ئەنجام بدەن بۆ:
1- سەرۆكی كۆمەڵە
2- جێگری سەرۆكی كۆمەڵە
3- بڕیاردەری كۆمەڵە
4- بارەگای سەرەكیی كۆمەڵەکە کە لە سلێمانی دەبێت