لیژنەی باڵای دامەزراندنی پارێزگای هەڵەبجە ڕایگەیاند، پڕۆسەی ناوتۆمارکردنی ئەلکترۆنی بۆ دامەزراندنی 250 کەس لەسەر میلاکی فەرمانگەکانی پارێزگاکەیان، ئەمڕۆ بەسەرکەوتوویی کۆتاییهات.
ڕۆژی چوارشەممە، لیژنەکە بۆ ”ئاگاردابوونی گشت لایەک” لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، کاتژمێر 3:00ـی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سیستمی ناوتۆمارکردنی ئەلکترۆنی بەڕەسمی ڕاگیرا و تا کاتی داخرانی لینکەکە، نۆ هەزار و 6 کەس فۆڕمیان پێشکەشکردووە بۆ پڕکردنەوەی 32 پسپۆڕیی جیاواز لە کۆی 51 فەرمانگەی حکومی لە سنووری پارێزگاکە.
هاوکات ئاماژەی بەوەشدا، لە ڕۆژانی ئاییندەدا و بە هەماهەنگیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەنجومەنی گشتیی ڕاژە، دەستدەکرێت بە ڕێکارەکانی ئامادەکاری و وردبینیکردنی تەواوی فۆرمە پێشکەشکراوەکان بە مەبەستی جیاکردنەوە و خاڵبەندیکردنیان بە شێوازێکی شەفاف و یاسایی.