وەفدی ئیمراڵی سەردانی شاری سلێمانی دەکات و لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا کۆدەبێتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، بێستوون فایەق راوێژکاری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، ئەو سەردانکردن و پەیامەی لەلایەن وەفدی ئیمراڵییەوە دەگەیەندرێت بە سەرۆکی یەکێتیی، گرنگن و پەیوەندییان بە پرسی کورد بەگشتی و کوردانی باکور بە تایبەتی هەیە.
وتیشی، “لەئێستادا کە پرسی چارەسەرکردنی کێشەی کورد هاتووەتە کایەوە، وەفدەکەش بەهۆی رۆڵە نیشتیمانییەکەیەوە بە گرنگییەوە لە بۆچوونی سەرۆکی یەکێتیی دەڕوانێت”.
دەشڵێت، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەپێناو پرسی کوردا رۆڵی گرنگ لە ناوچەکەدا دەبینێت.
وەفدەکەی ئیمراڵی چەند رۆژێکە سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و پێکهاتوون لە: “سورەیا ئۆندەر و پەروەین بوڵدان و کاسکین بایندەر” بڕیاریشە لە چەند رۆژی داهاتوودا سەردانی شاری سلێمانی بکەن و لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەربارەی چەند پرسێکی گرنگ کۆببنەوە.