زانکۆی سلێمانی ئاشکرایدەکات، لیژنەیەکی باڵایان لەسەر ئەو دەنگۆیانە پێکهێناوە کە دەربارەی د. عەبدوللەتیف بڵاوکراونەتەوە و دواتر بە شەفافانە بڕیاری لیژنەکە بۆ ڕای گشتی بڵاودەکەنەوە.
ڕاگەیاندنی زانکۆی سلێمانی بڵاویکردەوە، سەرۆکایەتیی زانکۆی سلێمانی وەک دامەزراوەیەکی ڕەسمی و ئەکادیمی، جەخت لەسەر پاراستنی پڕەنسیپەکانی یاسا و شەفافییەت دەکاتەوە لە بەدواداچوون بۆ هەر دەنگۆ یان دۆسیەیەک کە پەیوەندیی بە مامۆستایان یان فەرمانبەرانی زانکۆوە هەبێت.
ئاماژەی بەوەداوە، سەبارەت بەو دەنگۆیانەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەسەر (د. عەبدوللەتیف ئەحمەد مستەفا، مامۆستای کۆلێجی زانستە ئیسلامییەکان) بڵاوبوونەتەوە، سەرۆکایەتیی زانکۆی سلێمانی وەک دامەزراوەیەکی ڕەسمی، بەگوێرەی ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییە بەرکارەکان، ڕێکاری پێویستی گرتووەتەبەر و ڕۆژی پێنجشەممە لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوەی پێکهێناوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەم لیژنەیە بە چاودێریی داواکاری گشتیی کارەکانی خۆی ئەنجام دەدات، لەم سۆنگەیەوە، زانکۆی سلێمانی بە وردی بەدوای دەرخستنی ڕاستییەکاندا دەچێت و پڕۆسەی لێکۆڵینەوەکە تا گەیشتن بە ئەنجامی کۆتایی بەردەوام دەبێت، هاوكات هەر جۆرە کەمتەرخەمییەک هەبێت، بەپێی یاسا لێپێچینەوەی بەرامبەر دەکرێت.
لە کۆتاییدا ئەوە هاتووە، دەرەنجامی کارەکانی ئەم لیژنە هەرچییەک بێت، بەشێوازێکی شەفاف بۆ ڕای گشتی بڵاودەکرێتەوە.