بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (پێنجشەممە 4ـی حوزەیرانی 2026) یەکەم کاروانی حاجییان لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەڕانەوە هەرێمی کوردستان.
کاروان ستونی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی کوردستان ڕایگەیاند، تەواوی حاجییانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی فڕۆکەوە دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.
ئاماژەی بەوەشدا، پڕۆسەی گەڕانەوەی حاجییان 6 ڕۆژ دەخایەنێت و ڕۆژی سێشەممە داهاتوو 9ـی حوزەیران، کۆتا کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان دەگەڕێنەوە.
هاوکات، ئەمڕۆ هەزار و 27 حاجی لە ڕێگەی 7 فڕۆکەوە دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان، بەرەبەیانیی ئەمڕۆش یەکەم فڕۆکە گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کە 151 حاجیی لەگەڵ خۆی هەڵگرتبوو.