ئاسایشی هەولێر هۆشداری بە هاوڵاتییان دەدات

ئاسایشی هەولێر هۆشداری دەداتە هاوڵاتییان لەنێو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ئاگایان لە پەیوەندییەکانیان بێت.

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ماوەیەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک و ئینستاگرام، كۆمەڵێك کەسی لەیاسادەرچوو لە هەردوو رەگەزی پیاو و ئافرەت، كە زۆرینەیان لە نەتەوەی عەرەبن و بە شێوەی گرووپ کار دەکەن، خەڵکی چەند وڵاتێکی عەرەبیی جیاوازن و هەندێکیان نیشتەجێی شارەکانی خوارووی عێراقن، نامە دەنێرن و خۆیان دەکەنە هاوڕێی خەڵك.

باس لەوەش دەکات، دواتر ئەو کەسانە سەرنجی خەڵكی رادەکێشن و کامێرایان بۆ دەکەنەوە و بە شێوەیەكی نەشیاو خۆیان نیشانی بەرامبەرەكانیان دەدەن، لەم رێگەیەشەوە ڤیدیۆی كەسانی قوربانی تۆماردەکەن و دواتر هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی گرتە ڤیدیۆییەكان دەکەن.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، سەرەتا پێش ئەوەی قسە لەگەڵ بەرامبەرەكەیان بکەن، لەگەڵ هەموو ئەو کەسانەی برادەری كەسەكەن یان خزم و کەسوکارین، لە فەیسبووک یان ئینستاگرام، خۆیان دەکەنە هاوڕێ، پاشان ئەو گرتە ڤیدۆییەی تۆماریان کردووە رەوانەی دەکەن بۆ سەرجەم هاوڕێ و خزمەکانی قوربانییەكە یان لە بەرامبەر بڵاو نەکردنەوەی گرتە ڤیدۆییەکان، داوای پارەی لێدەکەن کە شێوازی پارەدانەکەش بە رێگای دراوە ئەلیکترۆنییەکان دەبێت، بۆ ئەوەی بەئاسانی ناسنامەکانیان ئاشکرا نەبێت.

ئاسایشی هەولێر داوا لە هاوڵاتییان دەکات ئاگاداری پەیوەندییەكانیان بن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و متمانە بە کەسێک نەکەن کە نازانن کێیە و بۆچی مەبەستێک پەیوەندیی پێیانەوە كردووە.

بابەتی پێشتر

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەڵمانیا بودجەی ساڵی 2024ی پەسەندکرد

بابەتی دواتر

لە وێستگەیەکی شەمەندەفەری پاریس هێرشکرایە سەر چەند هاوڵاتییەک

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share