عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، کۆمەڵێک ڕێنمایی ئاراستەی وەزیرەکان دەکات کە دیارترینیان ئاشکراکردنی سامانەکەیانە لە ماوەی هەفتەیەکدا.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، “سەرۆکوەزیران، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکایەتیی یەکەم دانیشتنی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی کرد و کۆمەڵێک ڕێنمایی ئاراستەی وەزیرەکان کرد.”
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، عەلی زەیدی گوێی لە پێشنیار و سەرنجی وەزیرەکان گرتووە دەربارەی دۆخی وەزارەتەکان و شێوازی کارکردن بۆ داڕشتنی هێڵە گشتییەکانی چارەسەرکردنی کێشەکانیان، بە مەبەستی پەسەندکردنیان لەلایەن حکومەتەوە.
هەروەها ئەوەش هاتووە، “زەیدی پاکێجێک ڕێنمایی ئاراستەی وەزیرەکان کرد، کە وەک نەخشەڕێگایەک کار دەکات بۆ جێبەجێکردنی سیاسەت، ئامانج و ئەولەویەتەکانی حکومەت، کە سەرجەمیان لە پێناو خزمەتکردنی هاوڵاتییان، بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاری و ئابوری، و پەرەپێدانی کارگێڕیی دامەزراوەکاندایە.”
عەلی زەیدی وەزارەتی دەرەوەی ڕاسپارد بە: “ئامادەکردنی ڕاپۆرتی خێرا دەربارەی دۆسیەکانی کاراکردنەوەی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەری عەرەبی، هەرێمی و نێودەوڵەتیدا.”
هەروەها جەختی لەسەر وەزارەتی کارەبا کردەوە بۆ ئامادەکردنی دوو پلان؛
یەکەم: بۆ چارەسەری خێرا لەم هاوینەدا، و ئەوی دیکەیان درێژخایەن بۆ پەرەپێدانی تۆڕی کارەبا، هاوکات وەزارەتی تەندروستی ڕاسپارد بە کاراکردنی یاسای گۆڕینی بیمەی تەندروستی.
سەبارەت بە کەرتی پەیوەندییەکان و گواستنەوە، عەلی زەیدی ڕێنماییدا بە کارکردنی چڕ بۆ تەواوکردنی پرۆسەی گۆڕانی دیجیتاڵی گشتگیر و بەدیجیتاڵکردنی دامەزراوەکان، دڵنیایی دا لەوەی وەزارەتی گواستنەوە پێویستە پشکێکی هەبێت لە پاڵپشتیکردنی ئابوری و بەرزکردنەوەی بودجەی دەوڵەت، ئەمەش لە ڕێگەی هێڵێکی کاری ڕوون و دیاریکراو بۆ جێبەجێکردنی “ڕێگای گەشەپێدان” و خێراکردنی بەستنەوەی عێراق بە زنجیرەکانی بازرگانیی جیهانییەوە.
ئەو ڕێنماییانەی سەرۆک وەزیران لە یەکەم دانیشتندا ئاراستەی وەزیرەکانی کرد:
ئاشکراکردنی دارایی لە ماوەی هەفتەیەکدا.
گۆڕانکاریی کارگێڕی: ئەنجام نەدانی هیچ گۆڕانکارییەکی وەزیفی یان هەموارکردنەوەی پێکهاتەی وەزارەتەکان لە ئێستادا.
دیاریکردنی ئەولەویەتەکان: دیاریکردنی کارە لە پێشینەکانی هەر وەزارەتێک لە ماوەی 30 ڕۆژی کارکردندا، بە مەبەستی جێگیرکردنیان لەناو بەرنامەی حکومەتدا کە لە ئەنجومەنی وەزیران تاوتوێ و پەسەنددەکرێت.
بەڕێوەبردنی نووسینگە و ڕاگەیاندن: هەڵبژاردنی بەڕێوەبەری نووسینگەی وەزیر بە تەنیا لەنێوان فەرمانبەرانی ناو خودی وەزارەتەکەدا بێت، لەگەڵ گرنگیدان بە نووسینگەی ڕاگەیاندنی وەزارەتەکان و پێدانی دەرفەت بە ڕاگەیاندنی پیشەیی بۆ ڕووماڵکردنی چالاکییەکان.
پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان: مامەڵەکردن لەگەڵ باڵیۆزانی عەرەبی و بیانی تەنیا لە چوارچێوەی ڕێکارە فەرمییەکاندا دەبێت و بە ئامادەبوونی نوێنەری وەزارەتی دەرەوە، لەگەڵ ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی عێراق.
پەیوەندی لەگەڵ پەرلەمان: ڕێگەدان بە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ئەنجامدانی ڕۆڵی چاودێری و تەشریعیی خۆی و هاوکاریکردن لەگەڵ لیژنە پەرلەمانییەکاندا.
کاروباری هاوڵاتییان و پارێزگاکان: دۆزینەوەی دیدگایەکی ڕوون بۆ بەڕێوەبردنی وەزارەت و پێداچوونەوە بە ڕێکارەکانی تایبەت بە مامەڵەی هاوڵاتییان و سادەکردنەوەیان، هەروەها هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگارەکان بۆ تێپەڕاندنی ئەو ئاستەنگانەی پارێزگاکان پێوەی دەناڵێنن، و پێداچوونەوە بە بودجەی وەزارەتدا بە جۆرێک کە ئەولەویەت بدرێت بە پڕۆژە وەستاو و پەککەوتووەکان.
هەڵسەنگاندن و چاودێریی دارایی:
هەڵسەنگاندنی ئەدای فەرمانبەران بە شێوازێکی زانستی و پیشەیی، و وەڵامدانەوە و چارەسەرکردنی تێبینییەکانی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی.
دژایەتیکردنی گەندەڵی:
پێدانی ئەولەویەت بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و ڕێکارە پێشوەختەکان، هاوکارییکردن لەگەڵ دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی و ئاسانکاری بۆ کارەکانیان، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر گەڕاندنەوەی پارە دزراو و هەناردەکراوەکانی عێراق بۆ دەرەوەی وڵات.
یاساکان و نهێنیی دەوڵەت: کارکردن بەپێی دەستوور و یاسا کارپێکراوەکان و بنەماکانی ڕەوشتی وەزیفی و ئەدای دامەزراوەیی، و پاراستنی نهێنیی زانیاری و بەڵگەنامە گرنگەکانی دەوڵەت.
بەڕێوەبردنی بەشداریپێکردن: پەیڕوکردنی بنەمای بەڕێوەبردنی بەشداریکردن و هاوبەشی لە بەڕێوەبردنی دامەزراوەکاندا، و سوودوەرگرتن لە شارەزایی و ڕاوێژە پسپۆڕییەکان.
ئۆتۆماتیکردنی کارگێڕی: سادەکردنەوەی ڕێکارەکان و بەدیجیتاڵکردنی کار و پڕۆسە کارگێڕییەکان، بە مەبەستی دڵنیابوون لە خێراکردنی بەرهەمهێنان و بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی هاوڵاتییان.
بەدواداچوونی مەیدانی:
چوونە ناو مەیدانی کارەکان بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی ڕێکارەکان و ئاگاداربوون لە کێشەکان و چارەسەرکردنیان، و بەدواداچوونی بەردەوام بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەکان.