بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، ڕایگەیاند، بۆ ماوەی مانگێک ڕێگە بە هاوردەکردنی تەماتە دەدەین.
مەهدی سەهر جبوری، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، ڕایگەیاند، نرخی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە بازاڕەکاندا جێگیرە و ئاڵۆزییە ئەمنییەکانی ناوچەکە هیچ کاریگەرییەکی نەرێنییان لەسەر کەرتی کشتوکاڵ و پرۆسەی بەرهەمهێنان و گواستنەوە لە ناوخۆی وڵاتدا دروست نەکردووە.
وتیشی، جێگیریی نرخەکان ئەنجامی بوونی بڕێکی پێویستی بەرهەمی ناوخۆییە لە زۆربەی بەرهەمە سەرەکییەکاندا، تەنها لە بەرهەمی تەماتەدا نەبێت کە ئێستا لە قۆناغی گۆڕانکاری وەرزی چاندندایە.
ئاماژەی بەوەشکرد، “بڕیار دراوە تەنیا بۆ ماوەی مانگێک ڕێگە بە هاوردەکردنی تەماتە بدرێت بۆ ئەوەی ئەو بۆشاییە کاتییەی لە بازاڕدا دروستبووە پڕ بکرێتەوە، بەڵام هەر کە بەرهەمی ناوخۆیی وەرزی بەهارە گەیشتە بازاڕەکان، هاوردەکردنەکە ڕادەگیرێتەوە”.