لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرایكرد، پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەدا یەكلانەكراوەتەوە و چەندین كێشەی تر وایانكردووە تا ئێستا پرۆژەیاسای بودجە پەسەند نەكرێت.
عەبدلمەهدی سەعداوی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا ڕایگەیاند، “هێشتا پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەدا یەكلانەبووەتەوە و زۆرێك لە پەرلەمانتارە شیعەكان هاودەنگن لەسەر ئەوەی ڕادەستكردنی داهاتی نەوتی كوردستان و دەروازە سنوورییەكانی، بكرێت بە مەرجی ناردنی بودجەی هەرێم.”
سەعداوی لە لێدوانەكەیدا بۆ ئێستا ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی شوبات وتیشی، “سەرباری ئەوەی باس لە نزیكیی دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە دەكرێت، كەچی هێشتا چەندین كێشە و هەمواركردنەوە ماون كە تا ئێستا یەكلانەكراونەتەوە.”
بە وتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی، بە لایەنی كەمەوە هەفتەیەك پێویستە بۆ ئەوەی لەو ماوەیەدا كێشە و هەموارەكانی پرۆژەیاسای بودجە چارەسەربكرێن و ئەوكات پرۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵ دەخرێتە دەنگدانەوە بەمەبەستی پەسەندكردنی.