گەرووی هورمز یەکێکە لە گرنگترین و ستراتیجیترین ڕێڕەوە ئاوییەکانی جیهان؛ کە مێژووەکەی پڕە لە ململانێی ئیمپراتۆریەتەکان و زلهێزەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی بازرگانیی جیهانی.
گەرووی هورمز کە کەنداوی عەرەبی بە دەریای عومان و زەریای هیندی دەبەستێتەوە، لە کۆنەوە ناوەندی گۆڕینەوەی کاڵا بووە لەنێوان میزۆپۆتامیا، هیندستان و چین؛ لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، “شانشینی هورمز” لەسەر ئەم گەرووە دروستبوو کە دەسەڵاتێکی دەریایی و بازرگانیی بەهێزی هەبوو.
ململانێی داگیرکاریی ئەوروپی
لە سەدەی 16ـدا، پۆرتوگالییەکان بە سەرکردایەتیی “ئەلفۆنسۆ ئەلبوکێرک” گەرووەکەیان داگیرکرد و قەڵای سەربازییان تێدا دروستکرد؛ دواتر لە ساڵی 1622ـدا، سوپای سەفەوی بە هاوکاریی “کۆمپانیای هیندی ڕۆژهەڵاتی” بەریتانی، پۆرتوگالییەکانیان دەرکرد و کۆنترۆڵی ناوچەکەیان کردەوە. لە سەدەی 19 و سەرەتای سەدەی 20ـدا، بەریتانیا وەک هێزێکی باڵادەست لە ناوچەکەدا مایەوە تاوەکو کشانەوەیان لە ساڵی 1971.
ئایا پێشتر گەرووی هورمز بەدەست عێراقەوە بووە؟
گەرووی هورمز لە ڕووی مێژوویی و جوگرافییەوە، هیچ کاتێک لەژێر سەروەریی دەوڵەتی عێراقدا نەبووە، نە لە سەردەمی عوسمانی، نە سەردەمی پاشایەتی و نە کۆماری؛ عێراق وڵاتێکی نیمچەداخراوە و تەنیا کەناراوێکی کورتی هەیە لەسەر کەنداوی عەرەبی (بەندەری فاو و ئوم قەسر). بۆ گەیشتن بە گەرووی هورمز لە عێراقەوە، دەبێت نزیکەی 600 کیلۆمەتر بەناو ئاوەکانی کەنداو بڕۆیت.
گەرووەکە هەمیشە لەنێوان ئێران (باکوور) و عومان (باشوور) دابەشکراوە. عێراق لە مێژووی نوێدا، تەنیا یەکجار هەوڵیدا دەسەڵاتی خۆی لەناو کەنداودا بسەپێنێت، ئەویش لە کاتی جەنگی عێراق-ئێران (1980-1988) بوو، بەڵام ئامانجەکە تەنیا پاراستنی هەناردەی نەوت بوو، نەک داگیرکردنی گەرووەکە.
گەرووی هورمز لە سەدەی 21ـدا
لەئێستادا، ئەم گەرووە نزیکەی %20 بۆ %30ـی کۆی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت؛ هەر گرژییەک لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا، ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئەم ڕێڕەوە دەبێت. ئێران زۆرجار وەک کارتی فشار هەڕەشەی داخستنی دەکات، چونکە دەزانێت داخستنی، بە واتای پەککەوتنی ئابوریی جیهان و بەرزبوونەوەی لەناکاوی نرخی سووتەمەنی دێت.