دوو کەس بە تۆمەتی دزینی بڕێکی زۆر لە زێڕ و فرۆشتنەوەی لە بازاڕدا، لەلایەن پۆلیسی سلێمانییەوە دەستگیرکران.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، پاش ئەوەی هاوڵاتییەک سکاڵای تۆمارکرد کە بڕێکی زۆر زێڕ لە ماڵەکەیدا دزراوە، پەڕاوی لێکۆڵینەوە کرایەوە و بەدواداچوون بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباران دەستیپێکرد.
ئاماژەی بەوەشدا، تواندرا لە ماوەیەکی کەمدا تۆمەتباران دەستگیربکرێن و لەماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێریشدا دەستبگیرێت بەسەر ئەو زێڕە دزراوە و بڕە پارەیە کە زێڕەکەیان لەبەرامبەردا فرۆشتبوو.
پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەشداوە، هەردوو تۆمەتبار کە لەدایکبووی ساڵانی 1980 و 1993ـن، بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 444 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون و لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیاندا بەردەوامە.