كوردە دەركراوەكەی باكوور: ئامادەنەبووین سیخوڕی بۆ میت و پاراستن بکەین بۆیە لە ‏هەولێر دەرکراین

حەسەن كاجاڕ و خێزانەكەی

دوای ئەوەی خێزانێکی باکووری کوردستان، کە چەندین ساڵە لە هەولێر نیشتەجێن، بە ‏زۆرەملێ دەرکران، سەرۆكی خێزانەكە دەڵێت، “لەبەرئەوەی ئامادەنەبووین ‏سیخوڕی بۆ میت و پاراستن بکەین لە هەولێر دەرکراین”.‏

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ حەسەن كاجاڕ و هاوژینەکەی و هەردوو منداڵەکەیان، لە بەردەم بینای ‏نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان ئەنجامدا و حەسەن ‏كاجاڕ وتی، “خەڵکی باکووری کوردستانم لە جولەمێرگ، ساڵی 2003 لەسەر دۆسێی ‏سیاسی دەستگیرکرام، بەڵام لە ساڵی 2014 بەهۆی نەخۆشیی درێژخایەن و لەهەمان کاتدا ‏لەسەر داوای عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ئازادیی زیندانیانی سیاسی لە تورکیا ئازادبووم”.‏

وتیشی، “دوای ئازادبوونم لە زیندانی تورکیا، هاتمە شاری هەولێر و بووم بە پەنابەر، ‏کار و ژیانی خۆم دەکرد، ئەندامی هەدەپە بووم، هیچ کارێکی نایاساییم نەکردووە كە ‏پارتی و حکومەت کێشەیان بۆ دروست ببێت، ساڵێک بەر لە ئێستا، پارتی و میتی تورک ‏داوایان لە ئێمە کرد سیخوڕییان بۆ بکەین، ئێمەش ڕەتمانکردەوە کارێکی وا نائەخلاقی ‏بکەین”.‏

كوردە دەركراوەكەی باكوور ڕاشیگەیاند، “پیشتریش هەڕەشە و توندوتیژییان لە دژمان ‏بەکارهێناوە، لەبەر ئەوە چەندینجار داوایان لێکردم شاری هەولێر بەجێبهێڵم، ڕەتمکردەوە، ‏تەنانەت هەڕەشەی کوشتنیشیان لێكردم، بەڵام هەولێرم بەجێنەهێشت”.‏

كاجار لەبارەی دەركردنیەوە دەڵێت، “دوێنێ لە ئاسایشەوە پەیوەندییان پێوەکردم، وتیان کێشە ‏لە ئیاقەمەکەتاندا هەیە، ئێمەش بەخێزانی چووینە فەرمانگەی نشینگە، لەوێ ئێمەیان ‏دەستبەسەرکرد، بە زۆرەملێ و ئەشکەنجە ئێمەیان سواری ئۆتۆمبێل کرد بەرەو سلێمانی، ‏لەسەر شەقامەکانی دەرەوەی هەولێر ئێمەیان لە ئۆتۆمبێل داگرت”.‏

سەبارەت بەوەی پەیوەندییان بە نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە کردووە؟ ‏كاجار ‏وتی، “بەرلەوەی دەستگیربکرێین لەگەڵ نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ‏پەیوەندیمان ‏کرد، ئەوان نووسراوێکیان پێداین کە دەتوانین بمێنینەوە، بەڵام دواتر لە ‏ئاسایشی هەولێر ‏پێیانوتین نەتەوە یەکگرتووەکان دەزگایەکی سەر بە حکومەت نییە و ‏ناتوانێت ئەو ‏مۆڵەتەتان پیبدات”. ‏

كوردەكەی باكوور باسی لەوەشکرد، ئەوكاتەی دەركراون بە ئاسایشەكانیان وتووە ‏‏”هەولێر ‏و سلێمانی بۆ ئێمە جیاوازیی نییە”، بەڵام ئاساییشەكان لە وەڵامدا وتویانە، “بۆ ‏ئێمە ‏جیاوازیی هەیە”.‏

بابەتی پێشتر

 کەشناسی: تائێستا 34%ـی ئەو بارانە باریوە كە پێویستە لە پاییزدا ببارێت

بابەتی دواتر

ئەبیداڵ هەڵەی کردووە و لە هاوسەرەکەی دەپاڕێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share